ئاژانسی کوردپا:راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ١ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان کە بریتییە لە مانگرتن لە خواردنی قەدریە قادری لە زیندانی یاسووج و ٣ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە بریتیە لە دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی بەهایی لە تاران و ناڕوون بوونی چارەنووسی دوو هاووڵاتی بەهایی دانیشتووی هەمەدان لەشوێنەکانی دیکەی ئێران لەخۆ دەگرێت.

حەفتەی دووەمی مانگی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی

کوردستـــــــــــان

قەدریە قادری مانی لە خواردن گرت

مان گرتنی "قەدریە قادری" زیندانی سیاسی لە زیندانی یاسووج، بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دۆخی نالەباری بەندی ژنانی

قەدریە قادری زیندانی سیاسی کورد کە لە زیندانی یاسووج راگیراوە دەستی دایە مانگرتن لە خواردن.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، قەدریە قادری زیندانی سیاسی کوردی بەندکراو لە زیندانی یاسووج، رۆژی پێنچ‌شەممە ٣ی بانەمەڕ، بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دۆخی نالەباری بەندی ژنانی ئەو زیندانە مانی لە خواردن گرت.
قەدریە قادری تەمەن ٢٦ ساڵ، کە پووشپەڕی ساڵی ١٣٨٩ لەلایەن هێـزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێـرانەوە لە شاری ورمێ دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٢ مانگ لە ژوورە تاکە کەسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە لە دەستبەسەری‌دا بوو.

ئەو ژنە زیندانییە کوردەی خەڵکی کوردستانی تورکیە، بە تۆمەتی تێکدانی تەناهیی نەتەوەیی و ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی-دا، بە ١٠ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراو دواتر لە دادگای پێداچوونەوەدا ئەوحوکمە بۆ ٧ ساڵ زیندانیی تەعزیری و دوور خرانەوە بۆ زیندانی یاسووج گۆڕدرا.
ئێران

هاوڵاتییەکی بەهایی لەتاران دەستبەسەر کرا

"فریما فەرزەندەنی" هاووڵاتی بەهایی دانیشتووی تاران لەلایەن هیزە ئەمنیەتییەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر کراوە

ژنێکی دیکەی پێڕەوەی ئایینی بەهایی لەلایە هێزە ئەمنیەتیەکانی شاری تارانەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی سێشەممە ١ی بانەمەڕ، فریما فەرزەندەنی هاووڵاتی بەهایی دانیشتووی تاران لەلایەن هیزە ئەمنیەتییەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر کراوە.

هێزە ئەمنیەتییەکان لەکاتی دەستبەسەر کردنی ناوبراودا خانووەکەیان پشکنیوە و فیلمیشیان لێ هەڵگرتووەتەوە.

هەتا ئێستا هۆ یان هۆکاری دەستبەسەر کرانی ئەو هاوڵاتییە بەهاییە روون نەبووەتەوە و هیچ هەواڵێکیش لەمەڕ شوێنی راگیرانی ناوبراو لە بەردەستدا نیە.

دوابەدوای دەستبەسەر کردنی فریما فەرزەندەنی، رێورەسمی پێک هێننای ژیانی هاوبەشی ناوبراو کە بڕیار بوو رۆژی هەینی ١١ی بانەمەڕ بەڕێوە بچێت، بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.
چارەنووسی دوو ژنی بەهایی دانیشتووی هەمەدان نادیارە

لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ بە گشتی ٩ هاولاتی بەهایی دانیشتووی هەمەدان دەستبەسەر کرابوون که لە ناویاندا دوو هاولاتی بەهایی دیکە هێشتا چارەنووسیان ناڕوونە

دوو هاوڵاتی بەهایی دانیشتووی هەمەدان کە لە نێوەڕاستی مانگی خاکەلێوەی ئەمسال دەستبەسەر کرابوون. هێشتا چارەنووسیان ناڕوونە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، فەریدە ئەیووبی و فەتانە موشتاق دوو هاولاتی بەهایی دانیشتووی هەمەدان، کە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ هاوڕێ لەگەڵ ٧ هاولاتی دیکە دەست بەسەر کرابوون هێشتا چارەنووسیان ناڕوونە .

پەروانە ئەیووبی، مینا هیمەتی، رومینا تەبیبی، عاتیفە زاهیدی، شاهین راشدی، مەسعوود و حەمید ئازەرنووش کە لەگەڵ ئەو دوو ژنە بەهاییە دەستبەسەر کرابوون بەدانان بارمتەی ٢٥ هەتا ٦٠ میلیۆن تمەنی لە زیندان ئازاد کراون.

ئامادە کردن : شاهۆ

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا(١حاڵەت)
ماڵپەڕی "هێرانا"( ١حاڵەت)
ماڵپەڕی " ماف نیوز" ( ٢ حاڵەت )