ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی رەوتی ژینگەپارێزی لە کوردستان، سەیرانگەی "ناودار" لە شارستانی گیلانغەرب لە ئوستانی کرماشان، لە زبڵ و پاشماوەی گەشتیاران، خاوێن کرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی چوارشەممە، رێکەوتی ٢٦ی خاکەلێوە، لایەنگرانی ژینگە و چالاکانی ژینگەپارێزی، لە چالاکییەکی خۆڕسکدا سەیرانگەی "ناودار (میاندار)"ی گیلانغەربیان خاوێن کردەوە.

ئەو چالاکییە ژینگەپارێزییە، کە بە مەبەستی "جێگیر کردنی فەرهەنگی ژینگەدۆستی و پەرەپێدانی فەرهەنگی پارێزگاری کردن لە ژینگە" ئەنجام دراوە، دەیان کیسە زبڵ لەلایەن ئەو چالاکنەوە کۆکراوەتەوە.

یەکێک لە بەشدارانی ئەو چالاکییە ژینگەپارێزییە رایگەیاندووە: پێویستە لەپێناو پاراستنی ژینگەدا ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان بدەین و جگە لە کەڵک وەرگرتنی دروست لە ژینگە، بە جوانی و خاوێنی بیهیڵینەوە.

لە کۆتایی رێوڕەسمەکەدا، کەسانی چالاک لەو بزاوتە ژینگەییەدا، خەڵاتیان پێشکەش کراو رێزیان لێگیرا.
ناودار یەکێک لە سەیرانگەکانی گیلانغەرب ئەژامر دەکرێ و ساڵانە ژمارەیەکی بەرچاو گەشتیار لە شوێنە جیاجیاکانی کوردستان و ئێرانەوە رووی تێدەکەن.