ئاژانسی کوردپا: فیلمی "دەنگی منداڵانی شەنگال و کۆبانی" لە بیرۆکە و دەرهێنانی بەهمەن قوبادی، دەرهێنەری ناسراوی کورد، دروست دەکرێ.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەهمەن قوبادی دەرهێنەری ناسراوی کورد سەرقاڵی بەرهەمهێنانی فیلمێک لەژێر ناوی "دەنگی منداڵانی شەنگال و کۆبانی"یـە، کە تیایدا باس لە بیرەوەری و ئەزموونەی ژیانی ئاوارەیی منداڵانی کورد لە شارەکانی کۆبانی و شەنگال لە ئەنجامی شەڕی داعشدا دەکات.
بۆ کاری بەرهەمهێنانی ئەم پرۆژەیە، شەش فیلمساز سەردانی ھەرێمی کوردستان و تورکیا دەکەن و لە تەنیشت ئەو منداڵانەدا دەمێننەوە کە بەھۆی شەڕ لە ئۆردووگاکاندا ژیان بەسەردەبەن و بیرەوەری و ئازار و مەینەتیی منداڵانی ئاوارەی کۆبانی و شەنگال دەکەنە فیلم.

بەهمەن قوبادی ئامانجی خۆی لە بەرهەمهێنانی ئەو پرۆژەیە بۆ نشاندانی لایەنە شاراوەکانی ئازار و مەینەتیی منداڵانی کوردی شەنگال و کۆبانی بە دنیای دەرەوە گەڕاندۆتەوە رایگەیاندووە: " پێویستە لە گۆشە نیگای منداڵانی کوردیشەوە ئازار و مەینەتییەکان بە گوێ و رای گشتیی خەڵکی جیهان بگات".
قوبادی گوتووشیەتی: ئەم ٦ کورتە فیلمە لە تەنیشت یەک دادەندرێن و دەکرێتە فیلمێکی بڵند و لە فستیڤاڵە جۆراوجۆرە نێونەتەوەییەکانی جیهاندا بەشداری دەکات.





