ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ٢ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان کە بریتییە لە دەستبەسەر کرانی مەنیژە سادقی لە سنە و گیان لەدەستدانی کچێکی گەنج بەهۆی تەقینەوەی مین لەقەسری شیرین و ٤ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە بریتیە لە گەڕانەوە ٣ چالاکی ژن بۆ زیندان و گوازرانەوەی سەر لەنوێی حەکیمە شکوری بۆ زیندانی ئێڤین، لەشوێنەکانی دیکەی ئێران لەخۆ دەگرێت.
حەفتەی دووەمی مانگی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی
کوردستـــــــــــان
دەستبەسەر کرانی مەنیژە سادقی بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی

مەنیژە سادقی یەکێک لە چالاکانی مافەکانی ژنان و منداڵان بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی دەستبەسەر و رەوانەی زیندانی شاری سنە کرا.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە،سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە ١٠ی خاکەلێوە، هێزە ئەمنییەکانی شاری سنە، مەنیژە سادقییان بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی، دەستبەسەر و رەوانەی زیندانی ناوەندی شاری سنە کرد.
ئەو چالاكەی بواری مافەكانی ژنان لەلایەن دادگەی ئوستانی كوردستانەوە بە تاوانی "تێكدانی نەزمی گشتیی" لەرێگەی ئەنجامدانی چالاكی سیاسییەوە بە سێمانگ و یەك رۆژ زیندانی مەحكووم كراوە.
مەنیژە سادقی كە لە بواری مافی منداڵانیشدا چالاكی هەبووە، مانگی سەرماوەزی ساڵی پێشوو لەناو ماڵەكەی خۆیدا لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەكانەوە دەستبەسەر و پاش پێنج رۆژ بە دانانی بارمتەی ٤٠ ملیۆن تمەنی بەشێوەی كاتی لەزیندان ئازاد كرا.
قەسری شیرین، مین گیانی کچێکی تەمەن ١٧ ساڵی ئەستاند

کچێکی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی شاری قەسری شیرین سەر بە ئوستانی کرماشان بەهۆی تەقینەوەی مینەوە گیانی لە دەست دا.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی دووشەممە ١٠ی خاکەلێوە، کچە کوردێکی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی قەسەری شیرین بەناوی " ئارەزوو تەهموورسی مەنش" لەشاری قەسری شیرین بە هۆی تەقینەوەی مینەوە گیانی لە دەست دا.
ئەو کچە کوردە لەکاتی لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات تووشی ئەو رووداوە بووە و دوای ئەوەی گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، گیانی لە دەست داوە.
بە پشت بەستن بە ئاماری ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی ساڵی رابردوودا ٢٢ هاوڵاتیی کورد لەناوچە کوردنشینەکانی ئیران بەهۆی تەقینەوەی مینەوە گیانیان لە دەست داوە.
ئێران
گەڕانەوەی سێ ژنی زیندانی بۆ زیندان

لەماوەی رۆژانی رابردوودا سێ زیندانی سیاسی- مەزهەبی بەندکراو لە زیندانی ئێڤین دوابەدوای تەواوکردنی ماوەی مەرەخەسی گەڕانەوە بۆ زیندان.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، فاران حیسامی و نەسیم ئەشرەفی، دوو کەس لە ژنە زیندانیانی پێڕەوی ئایینی بەهایی و مریەم شەفیعپوور زیندانیی سیاسی بەندکراو لە زیندانی ئێڤین دوابەدوای تەواوکردنی ماوەی مەرەخەسی کە پێیان درابوو، گەڕانەوە بۆ زیندانی ئێڤین.
ئەو سێ زیندانییە بەندکراوە رۆژی پێنجشەممە ٢٨ی رەشەمەی ساڵی ٩٣ی هەتاوی بۆ ماوەی ٤ رۆژ مەرەخەسیییان پێدرابوو.
حەکیمە شوکری لە زیندانی قەرچەکەوە بۆ زیندانی ئێڤین گوازرایەوە

حەکیمە شوکری یەکێک لە زیندانیانی بەندکراو لە زیندانی ئێڤین، کە سەرماوەزی ساڵی رابردوو بەبێ هیچ هۆکارێک گوازرابوویەوە بۆ زیندانی قەرچەکی وەرامین، سەر لەنوێ بۆ زیندانی ئێڤین گوازرایەوە.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە،رۆژی سێشەممە ١١ی خاکەلێوە، حەکیمە شوکری یەکێک لەئەندامانی دایکانی پارکی لالە، کە ساڵی ٨ی هەتاوی دەستبەسەر کرابوو، بۆ زیندانی ئێڤین گەڕێندرایەوە.
ناوبراو سی رۆژ پێش ئێستا رایگەیاندبوو کە ئەگەر داواکرییەکانی لەبەر چاو نەگیردرێن دەست دەداتە مانگرتن لەخواردن.
زیندانی قەرچەکی وەرامین تایبەت بە زیندانیانی تاوانە گشتییەکانە و راپۆرتەکان باس لەدۆخی نالەباری ئەو زیندانە دەکەن.
حەکیمە شوکری لە ١٤ی سەرماوەزی ١٣٨٨ دەستبەسەر و ٢٣ی خاکەلێوەی ١٣٩١ بە تاوانی پڕوپاگەندە دژی نیزام و هاوکاریی دایکانی پارکی لالە، بە ٣ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکوم کرا.
ئامادە کردن : شاهۆ
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا(٢حاڵەت)
ماڵپەڕی "هێرانا"( ١حاڵەت)
ماڵپەڕی "کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مدەنی ( ٣ حاڵەت )





