ئاژانسی کوردپا: راوچییە کوردەکانی گوندێکی سەربە شارستانی پاوە، بە بەشداریی ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی کورد و لە رێوڕەسمیکدا دەستیان لە راوە کەو هەڵگرت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە یەکەمین رۆژی نەورۆزدا، راوچییەکانی گوندی "زەردۆیی" لە شاری پاوە، لە رێوڕەسمێکدا ٢٠ کەو و ٢ هەڵۆیان ئازاد کرد.

یەکێک لە دانیشتوانی ئەو گوندە، ئامانجی خۆی لە بەڕێوەبردنی ئەو رێورەسمە، بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ سروشت و پاراستنی باڵندەکان گەڕاندۆتەوە.

دەگوترێ، ئەو رێوڕەسمە پێشوازیی گەرمی لێکراوەو دانیشتوانی گوندەکەش، هەموو باڵندە یەخسیرکراوەکانیان بە ژینگەی کوردستان سپاردۆتەوە.

هاووڵاتییانی کورد لە چەندین رێگەی جۆراوجۆرەوە ئۆگری و خۆشەویستیی خۆیان بۆ سروشت نیشان داوەو لەماوی دووساڵی رابردوودا دەیان جۆر چالاکیی ژینگەپارێزیی وەکوو شکاندنی چەکی راو، نەمام چاندن، کۆکردنەوەی زبڵ و خاوین کردنەویە سیرانگەکانیان بەڕێوە بردووە.

ئەو رەوتە ژینگەپارێزییە کە لە کوردستاندا دریژەی هەبووە، بە گشتی بە شێوەی خۆڕسک و بە بێ پشتیوانیی ناوەندە حکومەتییەکان ئەنجام دراوە.