ئاژانسی کوردپا: مەئموورانی حیفازەت ئیتلاعاتی هێزی ئینتزامیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، چالاکێکی سیاسیی کوردیان لە شاری سنە دەستبەسەر کرد و رەوانەی شوینێکی نادیار کرا.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، موختار زارعی چالاکی سیاسیی کورد رۆژی رابردوو بە بڕیاری دادستانیی شاری سنە و لە نێو ماڵەکەی خۆیدا لەو شارە، دەستبەسەر کرا.
هەواڵنێری کوردپا لە شاری سنە رایەگیاند: حیفازەت ئیتلاعاتی هێزی ئینتزامی،، تۆمەتی ئەو هاووڵاتییە کوردەی "بڵاوکردنەوەی نووسراوە لە فەیسبووکی شەخسیی"دا راگەیاندووە.
لەماوەی رابردووشدا، موختار زارعی بە تۆمەتی " هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" بانگهێشتی لقی ١ی دادگەی ئینقلابی سنە کرابوو.
پێشتریش ئەو چالاکە کوردە بە تۆمەتی "تەبلیغ بەدژی نیزام" لەلایەن دادگەی ئینقلابی شاری سنەوە حوکمی ١ سال زیندانیی تەعزیریی بۆ ماوەی ٥ ساڵ بۆ بڕابوویەوە.
ناوبراو یەکێک لە ئەندامانی یەکیەتیی دێمۆکراتیکی خوێندکارانی کوردیش بووەو لە زستانی ساڵی ٨٨ی هەتاویدا و لە کاتی بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی دووەمین ساڵیادی کوژرانی ئیبراهیم لوتفوڵڵاهیدا، دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٣ مانگ لە ئیدارەی ئیتلاعات راگیرابوو.





