ئاژانسی کوردپا: پیشانگەیەکی بەرهەمەکانی دوو برای کاریکاتێریستی بۆکانی تایبەت بە ئیعتیاد و زیانەکانی ماددەی هۆشبەر، لەوشارە کرایەوە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی سێشەممە ١٩ی رەشەمە، دوو برای کاریکاتێریستی خەڵکی بۆکان بەناوەکانی سەید محێدین و سەید یاسین قوڕەیشی بە هاوکاری و پشتیوانیی "ریکخراوی پێشگیری لە تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان"ی ئەو شارە، پیشانگەیەکیان لە بەرهەمەکانی خۆیان کردوە.
یەکێک لە بەشداربوانی ئەو پیشانگەیە بە هەواڵنیری کوردپای وت " لەو پیشانگەیەدا ٣٥ بەرهەمی ئەو دوو برا کاریکاتێریستە بە نیوەڕۆکی ئیعتیاد و خەسارەکانی، هەرزانیی ئەو ماددە ماڵوێرانکەرە و دەستراگەیشتی هاسانی خەڵک بەتایبەت قوتابیان خراوەتە بەر دیدی بینەران و بەشداربوان.
بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردپا لەبۆکانەوە، وەزارەتی ئیرشادی ئەو شارە تەنیا مۆڵەتی بە ٣٥ بەرهەمی ئەو دوو هونەرمەندە کوردە داوە، کە بەشداری ئەو پیشانگەیە بکەن و پیشانی خەڵک بدرێن و زۆربەی بەرهەمەکانیان مۆڵەتی بەشداریکردنیان پێ نەداوە.
ئەو پیشانگەیە بۆ ماوەی یەک حەفتە و لەهۆڵی "سیمرغ"ی شاری بۆکان بەردەوام دەبێت.
ئامادە کردن: شاهۆ









