ئاژانسی كوردپا: وەزارەتی ئیتلاعاتی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە كوردستان سێچالاكی كرێكاری و مەزهەبیی بانگهێشت و لێپێچینەوەی لێكردوون.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، سێكەس لەچالاكانی كرێكاری و مەزهەبیی كوردستان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەكانی سنە، قوروە و مەریوانەوە بانگهێشت كراون.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو عەلیرەزا خانزادپوور، چالاكی كرێكاریی لەلایەن ستادی خەبەری سەر بە ئیدارەی ئیتلاعات بە تاوانی ئەندامیەتی لە كۆمیتەی هاودەنگی بۆ پێكهێنانی دامەزراوە كرێكارییەكان و ئەنجامدامدانی چالاكی كرێكاریی بۆ ماوەی چەندین كاتژمێر لێپێچینەوەی لەگەڵدا كراوە.
كۆمیتەی هاودەنگی بۆ پێكهێنانی دامەزراوە كرێكاریەكان، لە بوارەكانی پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەكانی كرێكاران و باشتر كردنی دۆخی ژیان و هەقدەستەكانیان چالاكی دەكات.

لەلایەكی دیكەوە ئیدارەی ئیتلاعات دوو كەس لە چالاكانی مەزهەبی سەر بە رەوتی مەكتەب قورئانی لەشارەكانی مەریوان و قوروە بانگهێشت كردووە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی كە ئاژانسی كوردپا گەیشتوون، حەسەن زەحمەتكێش و جەماڵ حوسێن پەناهی شوناسی ئەو هاووڵاتیانیەن كە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا كراوە.
ئەو چالاكانە سەبارەت بە شێوەی چالاكیی كردن و ئەندامیەتی لە مەكتەب قورئاندا پرسیار و لێكۆڵینەوەیان لێكراوە.
مەكتەب قورئان رەوتێكی دینی پەیڕەوی ئەحمەد موفتی زادەیە، رێنوێنی خەڵك بۆ پرسە دینیەیكان بەدوور لەكاری سیاسیی لە ئامانجەكانی ئەو رەتە مەزهەبییەی كوردستانە.





