حەفتەی دووەمی مانگی رێبەندانی١٣٩٣ی هەتاوی
ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ٣ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان کە بریتییە لە خوسووتاندنی سێ کچ لە سنە و ورمێ و هەروەها ١ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە بریتیە لەپێشگرتن لە رەوانە کردنی رێحانە حاج ئیبرراهیم دەباغ بۆ ناوەندە دەرمانییەکان لەشوێنەکانی دیکەی ئێران لەخۆ دەگرێت.
کوردستـــــــــــان

لەماوەی رۆژانی رابردوودا سێ کچ لەشارەکانی ورمێ و سنە ئاگریان لەجەستەی خۆیان بەرداوە، کە گیان لەدەستدانی دوو کەسیانی لێ کەوتوەتەوە.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی دووشممە ٦ی رێبەندان، کچێکی گەنج بەناوی "سوهەیلا محەمەدی" و کچی " عوسمان" ، بە هۆی سووتانەوە لەیەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری ورمێ گیانی لەدەست دا.
ئەو کچە گەنجە خەڵکی گوندی " ناز ناز "ی شاری ورمێ بووە کە کۆتای حەفتەی رابردوو بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە ئاگری لەجەستەی خۆی بەردابوو.
لەلایەکی دیکەوە، رۆژی یەکشەممە ٥ی رێبەندان، کچێکی گەنجی خەڵکی گوندی "زێویە"ی شاری ورمێ بەناوی "زیوەر هەنارە" بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە ئاگری لەجەستەی خۆی بەرداوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراو، ئەو کچە بەهۆی قووڵیی برینەکانیەوە هەنووکە لەیەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری ورمێ لە ژیر چاوەدێری پزیشكیدایە.
هەروەها، رۆژی چوارشەممە ٨ی ریبەندان، کچێکی تەمەن ١٨ ساڵ بەناوی " ئیلهام میری" دانیشتووی گوندی " تەنگیسەر"ی شاری سنە، بە هۆیەکی نادیار ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا و رۆژی دواتر لەیەکێک لەناوەندە دەرمانییەکانی شاری تەورێز گیانی لە دەست دا.
ئێران

یەکێک لە ژنە زیندانیانی سیاسی زیندانی ئێڤین بۆ ماوەی سێ ساڵە لە مەرەخەسیی دەرمانی و چارەسەریی پزیشکی بێبەری کراوە.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رێحانە حاج ئیبراهیم دەباغ کە بۆ ماوەی ٥ ساڵە لەزیندانی ئێڤین راگیراوە، سەرەڕای ئەوەی کە بەهۆی تووشبوون بە چەند نەخۆشییەوە دۆخی جەستەیی نالەبارە، بەرپرسانی زیندان بۆ ماوەی سێ ساڵە ئیزنی چوونە مەرەخەسیی دەرمانی و هەروەها رەوانەکردنی ناوبراو بۆ چارەسەریی پزیشکی پێ نادەن.
رێحانە حاج ئیبراهیم تووشی خوێنریژی گەدە بووە و هەروەها پشت و پێکانیشی تووشی ئازاری دەمارەکان بووە.
ئەو زیندانییە سیاسییە رۆژی عاشوورای ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی لەلایەن هیزە ئەمنیەتییەکانی حکومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر و بەتۆمەتی حاربە لەریگای " پەیوەندیلەگەڵ رێکخراوی موجاهدینی خەلق" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا..
ئەو حوکمە دواتر و لەلایەن دادگای پێداچوونەوە کەم کرایەوە بۆ ١٥ ساڵ زیندان.
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا(١٣حاڵەت)
ماڵپەڕی "چالاکانی تاراوگە"( ١حاڵەت)





