ئاژانسی كوردپا: چالاكانی فەرهەنگی و هونەریی كوردستان لەسنە بە تێڕوانێكی نوێ‌و جیاوازەوە پەیوەست بەبواری كار و رەوتە ئەدەبییەكان بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ئەنجومەنێكی ناحكوومی بە هەڵگرتنی دروشمی خەسارناسی لەبواری بیاڤی فەرهەنگی و ئەدەبیدا بە شێوەی گرووپ چالاكییەكانی دەست پێكرد.

ئەو دامەزراوە لەژێر ناوی ئەنجومەنی ئەدەبیی، فەرهەنگی و هونەری " نیگا" رۆژی رابردوو دامەزراوە.

سەرپەرەستی ئەو ئەنجومەنە لەپێوەندییەكی تەلەفوونیدا بە هەواڵنێری كوردپای راگەیاند، دامەزراوەی نیگا لەكۆمەڵێك نووسەر، شاعیر و كەسانی بە ئەزموونی بواری ئەدەبیی كوردستان پێكهاتووە و لە بەرنامەی دایە كە رەنگ و بۆنێكی تازە بە پرسە فەرهەنگی ـ هونەرییەكانی كوردستان بدات.

خەسارناسییەكانی رۆژی رابردوو، خاڵی دەسپێكی كارەكانی ئەو ئەنجومەنەیە كە ئیرەج عیبادی ئاماژەی پێكردووە و لە لێدوانەكەیدا بۆ هەواڵنێری كوردپا وتی: تێڕوانینی نوێ‌و رێگە چارەی نوێ‌ئەو خاڵانەن كە ئەندامانی ئەنجومەنەكە زیاتر بایەخی پێدەدەن و هەوڵ دەدەین جێگە و پێگەی كاری فەرهەنگی لەكوردستان بەرز بكەینەوە.

ئیرەج عیبادی سەرپەرەستی ئەنجومەنی ئەدەبیی، فەرهەنگی و هونەری " نیگا "

عێبادی باسی لەوەش كرد، ئەنجومەنی نیگا ژێركۆی (زیر مجموعە) دامەزراوەی فەرهەنگی ـ هونەریی " تورەنج" دەبێت و بە تەواوەتی بە شێوەی سەربەخۆ كار دەكات.
نیگا لەزمانی كوردیدا بە واتای "لێڕوانین" دێت.

وتەبێژی لێژنەی دامەزراوەی نیگا لەوڵامی ئەو پرسیارەدا كە ئەندامەتیی و چالاكییەكانی داهاتووی نیگا بە چ شێوەیەك دەبێت؟ وتی:" لە حاڵی حازردا هەیئەت مودیرەیەكی ٥ كەسی بەشێوەی كاتی پێك هاتووە و لەداهاتوودا هەڵبژاردن دەكەین".
كەسانی بە ئەزموونی ئامادە بوو لە هەیئەت مودیرەی ئەنجومەنی ئەدەبیی و هونەریی نیگا بریتین بوون لە: ئیبراهیم ئەحمەدی نیا، زەینەب یووسفی، شاحوسێن سەعیدی، مەنووچێهر كەیخوسرەوپوور و ئەمیر راستین.

دوكتور مەسعوود بینەندە و ئیسماعیل ئەعزەمی لە كەسایەتییە دیارەكانی دیكە بوون كە لە كردنەوەی ئەنجومەنەكەدا بەشدار بوون و پێشنیار و تێبینیەكانی خۆیان لەو دانیشتنەدا هێنابوویە بەر باس.