حەفتەی یەکەمی مانگی رێبەندانی١٣٩٣ی هەتاوی
ئاژانسی کوردپا:راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور١حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان کە بریتییە لە گواستنەوەی زەینەب جەلالیان بۆ زیندانی خوی و ٢ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە بریتیە لەئازادبوونی روزیتا واسقی و مەهدیە گوڵڕوو لەشوێنەکانی دیکەی ئێران لەخۆ دەگرێت.

کوردستـــــــــــان

زەینەب جەلالیان گوازرایەوە بۆ زیندانی خوی

زەینەب جەلالیانلە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٨ بە تاوانی دژایەتی لەگەڵ خودا و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان دەستبەسەر کراو حوکمی لەسێدارەدانی بۆ بڕایەوە

زەینەب جەلالیان زیندانی سیاسی کورد کە زیاتر لە ٧ ساڵە لە زیندانی دێزڵ ئاوای کرماشان راگیراوە، بۆ زیندانی خۆی گوازرایەوە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، زەینەب جەلالیان نزیک بە دوو مانگ پێش بۆ زیندانی خۆی گوازراوەتەوە. ئەمە لەحاڵێکدایە کە بنەماڵەی ناوبراو چەندین جار داوایان لە بەرپرسانی زیندانی دێزلئاوا کردووە کە رۆڵەکەیان بۆ زیندانی زێدەکەی خۆیان واتە شاری بگوازنەوە.

ناوبراو کە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردیدا دەستبەسەر کراوە، مەترسیی ئەوەی لەسەرە کە بەتەواوەتی بینایی چاوەکانی لەدەست بدات و پێویستی خێرای بە چارەسەری هەیە.

زەینەب جەلالیان زیندانیی سیاسیی کورد، لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٨ بە تاوانی دژایەتی لەگەڵ خودا و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان دەستبەسەر کراو حوکمی لەسێدارەدانی بۆ بڕایەوە.

ئەم حوکمە لە "دیوانی باڵای وڵات"دا بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.

ئێران

روزیتا واسقی دوای ٥ ساڵ ئازاد کرا

ئازادی روزیتا واسقی پاش ٥ سال زیندان

لەماوەی حەفتەی رابردوودا یەکێک لە زیندانیانی بەهایی دانیشتووی شاری مەشهەد دوای تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی لەزیندان ئازاد کرا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، روزیتا واسقی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە ١ی ریبەندان، دوای ٥ ساڵ زیندان و تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی لە زیندانی وەکیل‌ئابادی مەشهەد ئازاد کرا.

ئەو زیندانییە بەهاییە رەشەمەی سالی ١٣٨٨ی هەتاوی دەستبەسەر و بە تۆمەتی پروپاگەندە بۆ ئایینی بەهایی بە ٥ ساڵ زیندان مەحکوم کرا.

روزیتا واسقی ٦ مانگ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەشهەد راگیرابوو و لە ماوەی ئەو ٥ ساڵەدا لە بوونی مافی مەرەخەسی بێ بەش کرابوو.

مەهدیە گوڵڕوو بەداننانی بارمتەی ٧٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرا

ئازادی مەهدیه گوڵڕو بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ ملیۆنی

لەماوەی حەفتەی رابردوودا مەهدیە گوڵڕوو چالاکی خوێندکاری و چالاکی ژنان کە زیاتر لە ٩٠ رۆژە لە بەندی (ئەلف)ی سپای پاسداران دەستبەسەر کرابوو، بەدانانی بارمتە ئازاد کرا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی سێشەممە ٧ی رێبەندان، مەهدیە گوڵڕوو کە رۆژی یەکشەممە ٤ی خەزەڵوەری ئەمساڵ لەلایەن هیزە ئەمنیەتییەکانی حکومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرا.

ناوبراو لەگەڵ چەندین چالاکی دیکەی بواری مافەکانی ژنان رۆژی چوارشەممە ٣٠ی رەزبەر بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە رووداوەکانی ئەم دواییانەی شاری ئیسفەهان و پرژانی تیزاو بە رەووخساری جەندین کچ و ژنی ئەو شارە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان پێک هێنابوو.

مەهدیە گوڵڕوو یەکێک لە ئەندامانی کانوونی شارۆمەندیی ژنان بوو، کە ساڵی ٨٨ی هەتاوی دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٣٠ مانگ لە زیندان راگیرابوو.
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا(١حاڵەت)
ماڵپەڕی هێرانا( ١حاڵەت)
ماڵپەڕی "چالاکانی تاراوگە"( ١حاڵەت)