ئاژانسی كوردپا: ژمارەیەک لە قوتابیانی قوتابخانەیەكی دواناوەندی لەشارستانی بیجار بە هۆی گاز گرتوویەوە باری تەندروستیان تێكچووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی دووشەممە رێكەوتی ٢٩ی بەفرانبار ٩ قوتایی دواناوەندی لە ئەنجامی كێشە لە قۆڵە كورەی قوتابخانەكە و هەڵمژینی گازی " دی ئوكسیدی كاربون" رەوانەی نەخۆشخانە كراون.

یەكێك لە بەرپرسانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان لەشاری بیجار، هۆكاری ئەو گازگرتوویەی بۆ كێشەی قۆڵە كورەكە گەڕاندۆتەوەو لەو باریەوە بە هەواڵدەریی تەسنیمی راگەیاندووە، ئەو ٩ قوتابییە، کە سەرجەمیان کوڕ بوون، دوای چارەسەری پزیشكی رەوانەی ماڵەوە كراونەتەوە.

رەسووڵ پاپایی خۆی لەدانی زانیاری زیاتر و وردتر لە چۆنیەتیی ئەو رووداوە بواردووە.
ئەو گازگرتووییە، رووداوی ئاگركەوتنەوەكەی قوتابخانەی شیناوێ‌دێنێتەوە بیر و ئەمە لەحاڵێكدایە كە ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی بیجار رایگەیاندبوو، كە سەدا ٩٩ی پۆلەكان بە سیستەمی گەرمایی ستاندارد گەرم دەكرێنەوە.

دوو حەفتە لەمەوبەریش قوتابخانەی ناوەندی ئاوایی " ئاڵمەڵوو"‌ی بەخشی قوتوور شاری خۆی، تووشی ئاگركەوتنەوە ببوو كە بە خۆشحاڵییەوە خەساری گیانی بەدواوە نەبوو.