حەفتەی چوارەمی مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی

ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ٢ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان کە بریتییە لە خۆکوژیی کچە خوێندکارێک لە سەقز و کوژرانی ژنێکی شنۆیی بەبیانووی "پاراستنی شەرەف" و ٣ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە بریتیە لە بڕانەوەی یەک ساڵ زیندان بۆ تەناز محەمەدی، مەرەخەسی سێ رۆژە بۆ فاران حیسامی و ئازادی مریەم سادات یەحیەوی لەشوێنەکانی دیکەی ئێران لەخۆ دەگرێت.

کوردستـــــــــــان

خۆکوژیی کچە خوێندکارێک لە سەقز

لەماوەی رۆژانی رابردوودا کچە خوێندکارێکی دانیشتووی سەقز دەستی دایە خۆکوژی و گیانی لە دەست دا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، حەفتەی رابردوو، سومەیە مەلەکی خوێندکاری کوردی خەڵکی شاری سەقز، خۆی هەڵواسی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

هەتا ئێستا هۆکار یان هۆکارەکانی خۆکوژی ئەو خوێندکارە تەمەن ٢٧ ساڵە نادیار ماوەتەوە.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٤ کچە خوێندکاری کورد گیانیان لە دەست داوە و هەروەها، لە سەرەتای وەرزی پاییزی ئەمساڵیشەوە ٥ کچ و ژنی کورد دەستیان داوەتە خۆکوژی و گیانیان لە دەست داوە.

ژنێکی بۆکانی بووە قوربانیی "پاراستنی شەرەف"

لەماوەی رۆژانی رابردوودا ژنێکی گەنجی خەڵکی شاری شنۆ کە ماوەیەک بەر لەئێستا لەلایەن مێردەکەیەوە ئاگری لە جەستەی بەردرابوو، گیانی لەدەست دا.

ماریا خانبەگی

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەزەڵوەر، ژنێکی گەنجی خەڵکی بۆکان و دانیشتوی تاران بەناوی "ماریا خانبەگی" کچی "قادر" کە دوو حەفتە بەر لەئێستا لەلایەن مێردەکەیەوە ئاگر لە جەستەی بەردرابوو، لەیەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری تەورێز گیانی لە دەست دا.

ئەو ژنە تەمەن ٢٦ ساڵەیە، لەلایەن مێردەکەیەوە بە بیانووی پاراستنی شەرەف ئاگر لە جەستەی بەردرابوو.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی مانگی خەزەڵوەردا، ٤ ژنی کورد بە دەستی خزم و کەسوکاریان کوژراون کە ٣ حاڵەتیان لەلایەن مێردەکانیانەوە گیانیان لێ ئەستێندراوە.

ئێــــــــران

تەناز محەمەدی یەک ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا

لەماوەی رۆژانی رابردوودا تەناز محەمەدی یەکێک لە چالاکانی بەهایی دانیشتووی شاری یەزد، کە ماوەیەک بەر لەئێستا دەستبەسەر کرابوو، سزای یەک ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا.

تەناز محەمەدی یەکێک لە چالاکانی بەهایی

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، تەناز محەمەدی کە رۆژی شەممە ٨ی پووشپەڕی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری یەزدەوە دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە سزای یەکساڵ زیندانی تەعزیری بۆ براوەتەوە.

تەناز محەمەدی بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی هەواڵی تایبەت بە پێشێلکردنی مافی هاوڵاتییانی بەهایی لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکەوە، دەستبەسەر کرابوو.

ناوبراو لەگەڵ هاوسەرەکەی ئیرەج لوهراسێب کە دوو ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە، لە کاتی دەستبەسەرکرانیانەوە هەتا ئێستا بە شێوەی کاتی لە زیندان راگیرابوون.

فاران حیسامی مەرەخەسیی پێدرا

لەماوەی رۆژانی رابردوودا فاران حیسامی یەکێک لە چالاکانی پێڕەوی ئایینی بەهایی کە زیاتر لە دوو ساڵە لە زیندان راگیراوە، مافی مەرەخەسیی پیدرا.

فاران حیسامی مامۆستای زانکۆی ئانلاینی بەهاییەکان

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە،رۆژی دوو شەممە ٢٦ خەزەڵوەر، فاران حیسامی مامۆستای زانکۆی ئانلاینی بەهاییەکان کە هاوڕێ لە گەڵ هاوسەرەکەی کامران رەحیمیان بە تۆمەتی وانە وتنەوە لەو زانکۆیەدا سزای ٥ ساڵ زیندانی تەعزیرییان بەسەردا سەپێندرابوو، دوای تێپەراندنی دوو ساڵ و نیو لە ماوەی حوکمەکەی، مافی مەرەخەسییان پێدا.

ئەو هاوڵاتییە بەهاییە لەکاتی دەستبەسەر کرانیدا، مناڵەبەر بووە.

جێگەی ئاماژەیە کە کامران رەحیمیان هێشتا لە زیندان دایە و هاوسەرەکەشی مەرەخەسی سێ رۆژەی پێدراوە.

مریەم سادات یەحیەوی ئازاد کرا

لەماوەی رۆژانی رابردوودا مریەم سادات یەحیەوی یەکێک لەچالاکانی مەدەنی و پشتیوانانی حکومەت، دوای دوو حەفتە لە دەستبەسەر کران لە زیندان ئازاد کرا.

مریەم سادات یەحیەوی یەکێک لەچالاکانی مەدەنی و پشتیوانانی حکومەت

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، مریەم سادات یەحیەوی رۆژی سێشەمە ٢٧ی خەزەڵوەر، دوای دوو حەفتە دەستبەسەرکران و راگیران لە بەندیخانەی ئێڤین، ئازاد کرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە کە تووشبووی شێرپەنجەیە، رۆژی دووشەممە ١٢ی خەزەڵوەر لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی شاری تارانەوە دەستبەسەر کرابوو.

مریەم سادات یەحیەوی پێشتر و لە رێبەندانی ١٣٨٩ی هەتاوی بۆ ماوەی یەک ساڵ دەستبەسەر و لەدادگای بەراییدا سزای ٣ ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ بڕابوویەوە و دواتر لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ یەک ساڵ زیندانی تەعزیری کەم کرایەوە و جێبەجێ کردنی بەهۆی ناجێگیر بوونی دۆخی تەندروستی و لە سەر داوای پزیشکی یاسایی راگیرا.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ٢حاڵەت)
ماڵپەڕی "هێرانا" ( ٣ حاڵەت)