حەفتەکانی سێیەمی مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی

ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ٣ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان کە بریتییە لە خۆکوژی ژنێکی گەنج لە ماکۆ و کوژرانی کچە خوێندکارێک لە ورمێ و ژنێکی دیکە لە ئیسلام‌ئابادی رۆژئاوا و ٣ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە بریتیە لەگواستنەوە غونچە قەوامی بۆ زیندانی قەرچەکی وەرامین، بانگهێشت کردنی نەرگس محەمەدی و ئازادی رێحانە تەباتەبایی، لەشوێنەکانی دیکەی ئێران لەخۆ دەگرێت.

کوردستـــــــــــان

خۆکوژیی کچێکی گەنج لە ماکۆ

لەماوەی رۆژانی رابردوودا کچێکی گەنجی دانیشتووی یەکێک لە گوندەکانی دەورووبەری ماکۆ دەستی دایە خۆکوژی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٧ی خەزەڵوەر، کچێکی تەمەن ٢١ ساڵ بەناوی "خەدیجە شێخی میلان" کچی خالید و دانیشتووی ئاوایی "عەجەم کەندی"شاری ماکۆ دەستی دایە خۆکوژی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ئەو کچە گەنجە بە هۆی کێشەی خێزانییەوە و لەرێگەی خۆ هەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابوو.

لە ماوەی رۆژانی رابردووشدا، ژنێکی تەمەن ١٩ ساڵ بە ناوی شەیدا محەمەدی لە شاری سەڵماس بەهۆی کێشەی خێزانییەوە لە رێگەی خۆ هەڵواسینەوە هەوڵی خۆکشتنی دابوو.

کوژرانی کچە خوێندکارێک لە ورمێ و ژنێکی گەنج لە ئیسلام ئاباد

لەماوەی رۆژانی رابردوودا یەکێک لە کچانی خوێندکاری زانکۆی نازلووی ورمێ کوژرا و هەروەها ژنێکی گەنج لە ئیسلام‌ئابادی رۆژئاوا بە دەستی هاوسەرەکەی گیانی لێ ئەستێندرا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی شەممە، رێکەوتی ١٧ی خەزەڵوەر، شیلان رۆشندڵ تەمەن ٢٢ ساڵ و کچی سەلیم، کە خوێندکاری بەشی زانستە سیاسییەکان بوو، لە زانکۆی نازلووی ورمێ دەرمانداو کراو بەو هۆیەو ەگیانی لە دەستدا.

ناوبراو خەڵکی گوندی "ەرزیوێ"ی سەر بە شاری شنۆ بووە، حەبی سیانووری بۆ کراوەتە نێو دۆ و لەو رێگایەوە گیانی لە دەست داوە.

شیلان دوای ئەوەی تووشی رشانەوە بووە، دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی "خومەینی"ی شاری ورمێ و دەخرێتە ژێر چاوەدێرییەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە سی و گورچیلەکانی بەهۆی کاریگەری ژەهرەکەوە لە کار کەوتبوو، گیانی لە دەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، حەراسەتی زانکۆی نازلووی ورمێ بە بنەماڵەی "شیلان رۆشندڵ"ی راگەیاندووە؛ کە دەبێ هۆکاری مردنی کچەکەیان، نەخۆشیی گەدە لە قەڵەم بدەن.

هەتا ئێستا بەرپرسانی زانکۆی نازلووی ورمێ هیچ کاردانەوەیەکیان لەمەڕ کوژرانی شیلان رۆشندڵ نەبووەو خوێندکارانی ئەو زانکۆیەش هۆکاری ئەو بێدەنگییەی بەرپرسانی زانکۆیان بە مەبەستی سەرپۆش دانانی هەواڵی کوژرانی شیلان گەڕاندۆتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، ژنێکی گەنج لە شاری ئیسلام ئابادی رۆژئاوا کە ماوەیەک پێش دوای دەمەقاڵێ لەلایەن هاوسەرەکەیەوە گوڵدانێک لەسەری درابوو و هەر بەو هۆیەوە تووشی جەڵتەی مێشک ببوو، رۆژی ٨ی خەزەڵوەر لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی ئەو شارە گیانی لە دەست دا.

هاوسەری ئەو ژنە کە شووناسی رانەگەندراوە بە حوکمی دادوەر دەستبەسەر کراوە.

ئێـــــــــــــران

غونچە قەوامی بۆ زیندانی قەرچەک گوازرایەوە

لەماوەی رۆژانی رابردوودا و دوابەدوای مانگرتن لە خواردنی غونچە قەوامی، ناوبراو بۆ زیندانی قەرچەکی وەرامین گوازرایەوە.

غونچە قەوامی

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، غونچە قەوامی دوای ١٢٩ رۆژ راگیرانی کاتی لە بەندی دووی ئەلفی زیندانی ئێڤین، حەفتەی رابردوو بۆ زیندانی قەرچەکی وەرامین گوازراوەرتەوە.

غونچە قەوامی تەمەن ٢ ساڵ، رۆژی ٣٠ جۆزەردانی ئەمساڵ و لەکاتێکدا بۆ بینی یاری والیباڵی نێوان یانەکانی ئێران و ئیتالیا چوبووە یاریگەی ١٢ هەزار کەسیی ئازادی، دەستبەسەر و لەوکاتەوە تا ئێستا لە زیندان راگیراوە.

نەرگس محەمەدی بانگهێشتی دادسەرای ئێڤین کرا

لەماوەی رۆژانی رابردوودا جێگری سەرۆک و وتەبێژی کانوونی داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ بانگهێشتی دادەسەرای "شەهید موقەدەس"ی ئێڤین کرا.

نەرگس محەمەدی

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی شەممە ١٧ی خەزەڵوەر، نەرگەس محەمەدی بانگهێشتی لقی ٢ی دادوەری لێکۆڵینەوەی دادسەرای "موقەدەس"ی ئێڤین کراوە.

نەرگس محەمەدی پێشتر و لە رێکەوتی ١٠ی بانەمەڕ و ١١ی جۆزەردانی ئەمساڵیش بانگهێشتی دادسەرای موقەدەس و لێپرسینەوەی لێکرابوو.

دەوترێت کە ئەو چالاکەی مافی مرۆڤ بە هۆی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لەبەرانبەری مەجلیس بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە نیسبەت پژاندنی تیزاو بە رووخساری کچانی ئیسفەهانی، بانگهێشت کراوە.
رێحانە تەباتەبایی ئازاد کرا

لەماوەی رۆژانی رابردوودا رێحانە تەباتەبایی دوای تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی لە زیندان ئازاد کرا.

رێحانە تەباتەبایی

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رێحانە تەباتەبایی رۆژنامەنووس و لایەنگری بەرەی "مشارکت"، کە رۆژی ٣١ی جۆزەردانی ئەمساڵ و دوابەدوای سەردانی دادسەرای ئێڤین دەستبەسەر کرابوو، دوابەدوای تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی کە ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری بوو، ئازاد کرا.

رێحانە تەباتەبایی پێشتر و لە رەشەمەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر و دواتر سزای ٦ مانگ زیندانی تەعزیری بەسەردا سەپێندرابوو.

سەرچاوەکان:

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا( ٢حاڵەت)
ماڵپەڕی"نیسان‌نیوز" ( ١ حاڵەت)
ماڵپەڕی "هێرانا"( ١ حاڵەت)
ماڵپەڕی "کلمە"( ١ حاڵەت)
ماڵپەڕی "کۆمیتەی هەواڵنێرانی بێ سنوور"( ١ حاڵەت)