ئاژانسی کوردپا: منداڵانی سنەیی پیشانگەیەکی نەققآییان لە بەرهەمەکانی خۆیان و لەژێر ناوی "خەونی رەنگی ٢ "دا کردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممەی ئەم حەفتەیە پیشانگەیەکی نەققاشی، کە لە ١٥٠ تابلۆی پێکهاتووە، لە گالەریی سوورەی پەردیسی سینەما بەهمەنی شاری سنە و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان بە جلوبەرگی کوردییەوە، کرایەوە.

سەرپەرستیی ئەو پیشانگەیە لە ئەستۆی نگین وەکیلی بووە بڕیارە ئەو ١٥٠ تابلۆیە، کە زۆربەیان بەرهەمی منداڵانی تەمەن ٤ هەتا ١٠ ساڵن و پەیوەندییان بە فەرهەنگ و داب و نەریت و سروشتی کوردستانەوە هەیە، بۆ ماوەی یەک حەفتە پیشان بدرێن.

ئەو ژنە هونەرمەندە رایگەیاندووە؛ ئەو ١٥٠ تابلۆیە لە کۆی سێ هەزار و ٥٠٠ بەرهەمی منداڵان و لەلایەن "فەردین سادق ئەیوبی و ئەکرەم کەریمی"یەوە هەڵبژێردراون.

ناوبراو باسی لەوەش کردووە، کردنەوەی پیشانگەی لەو جۆرە دەبێتە هۆی راکێشانی منداڵان بەرەو چالاکیی فەرهەنگی و هونەری و هاوکات پێویستە بوار بۆ گەشە کردنی منداڵان بڕەخسێت.

ساڵی رابردووش باشترین بەرهەمی دەستنیشانکراوی منداڵانی شاری سنە لە پیشانگەیەکدا و بە سەرپەرستیی نگین وەکیلی و لە ژێر ناوی "خەونی رەنگی ١"دا کرابوویەوە.