ئاژانسی كوردپا: ١٧ كەس لەمامۆستایانی زمانی كوردی، هونەرمەند، مافناس و روناكبیرانی شاری بۆكان بە مەبەستی ئیدانەكردنی هێرشی داعش بۆ سەر خاكی كوردستانی سووریە و رێزگرتن لەبەرخودانی نەتەوەی كورد لە كۆبانی بۆ ماوەی سێرۆژ مانگرتن لەخواردنیان راگەیاند.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ئەندامانی كەمپەینی " لەبۆكان تا كۆبانی بەرخودانە" لەرۆژی شەممە رێكەوتی ٢٦ی رەزبەرە بەنیشانەی پشتیوانی و هاوخەمی لەگەڵ خەڵكی كۆبانی مانیان لە خواردن گرتووە و بەپێی بڕیاری پێشووی رێكخەران، ئەو مانگرتنە بۆ ماوەی سێرۆژ بەردەوام دەبێت.
سمكۆ مەعرووفی وەكوو رێكخەری ئەو مانگرتنە و مامۆستای زمانی كوردی لەوتووێژیكدا بەئاژانسی كوردپای راگەیاند، ئێمە مانگرتووان بە سێمەبەستی "پشتیوانی لە دەسكەوتە مرۆییەكان، مەحكووم كردنی بێرێزییەكان بە مرۆڤ بەتایبەت بە ژنان و هەروەها پشتیوانی لەسروشت و ئیدانەكردنی سیاسەتی لەناو بردنی ژینگە" ئەو چالاكییەمان دەست پێكردووە.

ئەو مامۆستایەی زمانی كوردییە پێی وابوو، پشتیوانی لەسروشت بەو مانایەیە كە فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان سەرەڕای ئەوەی كە بنكە و بارەگاكانی داعش بوردومان دەكەن هاوكاتیش ژینگەی كوردستان لەناو دەبەن.
مەعرووفی وتیشی: ئێمە مانگرتووان (لەچوارچێوەی دەستەیەك)دا سەر بە هیچ رێكخراوی سیاسی و فەرهەنگی و لایەنێك نین و بەشێوەی سەربەخۆ كاردەكەین و ئەو چالاكیەشمان تەنیا بە مەبەستی مەحكووم كردنی تیرۆریزم رێكخستووە و دواتریش ئەو مانگرتنە بەربڵاوتر دەكەینەوە.
ئەو چالاكە فەرهەنگییە كە بۆ خۆشی یەكێك لەمانگرتووانە ئەوەشی خستەڕوو، هەتا ئێستا (دووەهەم رۆژی مانگرتن) هیچ ناوەندێكی دەوڵەتی یان ناحكوومی پێوەندی پێوە نەگرتووین و پەیوەست بە مانگرتنەكە نەبووە.
ئەو ١٧ كەسە راگەیەندراوێكیشیان سەبارەت بە مانگرتنەكەیان بڵاو كردۆتەوە و لەبەشێكیدا هاتووە، ئێمه كۆمەڵێك له مامۆستایانی زمانی كوردی ، چالاكانی مەدەنی، مافناسان و هونەرمەندانی شاری بۆكان، بۆ ئیدانه كردنی هێرشی دڕندانەی گرووپی داعش و هاوپەیمانانی بۆ سەر سرووشت و مرۆڤایەتی و ئایینی پیرۆزی ئیسلام له رۆژی شەممە ٢٦ی رەزبەرەوە بۆ ماوەی ٣ شەو و رۆژ مانگرتن لەخواردن رادەگەیەنین.
ناوی مانگرتووان:
هادی عەزیزی مامۆستای زمانی كوردی ـ سمكۆ مەعرووفی مامۆستای زمانی كوردی ـ ئەمیر پیادە مامۆستای زمانی كوردی ـ هێرۆ فەقێ عیسا مامۆستای زمانی كوردی ـ سووسەن حەسەن زادە مامۆستای زمانی كوردی ـ ئاكۆ عەبباسی مامۆستای زمانی فەرانسی ـ مونیرە فەیزه مامۆستای قوتابخانه و چالاكی مەدەنی ـ شۆڕش ئەحمەدپووری شانۆكار ـ لەتیف شوكورزادە شانۆكار و چیرۆكنووس ـ ئەنوەر پیادە مافناس ـ شلێر فەرامەرزی چالاكی مەدەنی ـ ئەیوب میری كارناسی ئابووری ـ ئیسماعیل سانیار چالاكی مەدەنی ـ ئەیوب رەشیدی وەند چالاكی مەدەنی ـ سۆران ئەولازادە شاعیرـ هیوا مەحموود نژاد شاعیر ـ عوسمان نووری چالاكی مەدەنی





