ئاژانسی كوردپا: مامۆستایەكی زانكۆی شاری مەهاباد بە هۆی فشاری ناوەندە ئەمنیەتییەكان و بانگهێشتكردنی بەردەوامی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێو مەهاباد بەناچاری زێدی خۆی بەجێهێشت.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، دكتور مەنسوور سۆهرابی مامۆستای زانكۆی ئازادی شاری مەهاباد و دوكتۆڕای "پیی ئێچ دی ئایكرۆ ئێكۆلۆژی( کشت و کاڵ)" ی زانكۆی تاران، ماوەی پێنج رۆژە بە هۆی ئەو فشارانەی كە سێساڵ بوو لەسەری بوو، شاری مەهابادی بەرەو هەندەران بەجێهێشتووە.
دكتور سۆهرابی لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا باسی هۆكاری بەجێهێشتنی وڵات و فشاری ناوەندە ئەمنییەكانی كرد و وتی: لەساڵی ١٣٩٠وە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد و دواتر ئیدارەی ئیتلاعاتی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاواوە فشارم خرایە سەر و بە روانگەی ئەمنییەوە سەیری منیان دەكرد.
خاوەنی بڕوانامەی دوكتۆڕای"کشت و کاڵ" ی وتیشی: ناوەندە ئەمنییەكان منیان بە تۆمەتی تێكدانی بیروڕای گشتی، تەبلیغ بەدژی نیزام و پەرەپێدان بە بیری سیكۆلاریزم لە وانەكاندا و هەروەها هاندانی خوێندكاران، خستبوویە ژێر چاودێری و لەو ماوەیەدا بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج و هەرجارە و بۆماوەی بیست كاتژمێر لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئوستان لێپێچینەوەم لەگەڵدا كراوە.

مەنسوور سۆهرابی لەدرێژەی لێدوانەكەیەدا بۆ ئاژانسی كوردپا ئەوەشی خستەڕوو، پەروەندەی من رەوانەی دەزگا قەزاییەكان نەكراوە و تەنانەت مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٢ش بە بڕیاری ئیدارەی ئیتلاعاتی ئوستان لەسەر كارەكەم دەركرام و مافی مامۆستایەتی و وانە وتنەوەم لێئەستێندرایەوە.
ئەو هاووڵاتییە كوردە باسی لەوەش كرد، من بێجگە لەكاری مامۆستایەتی سەرقاڵی نووسینیش بووم و وتارە زانستیەكانم لە گۆڤار و بڵاڤۆكەكاندا بڵاو دەكردەوە و لە لێپرسینەوەكانمدا سەرجەم نووسراوەكانم كۆ كرابوویەوە و وەكوو كارتێكی فشار بۆ سەر من بەكاریان دێنا.
ئەو مامۆستایەی زانكۆیە وتی: من بیروباوەڕی سیکۆلارم هەبوو و بەهیچ شێوەیەك ئامادە نەبووم لە باوەڕی خۆم پاشگەز ببمەوە و هەر ئەوەش وای كرد كە وڵات بەجێبێڵم.
دكتور مەنسوور سۆهرابی ئاشكراشی كرد، لە "گوزینێشی" شاری تاران كە لقێكە لەوەزارەتی ئیتلاعات لەزانكۆكان، پێم وترا كە تۆ باوەڕت بە ئیسلام و خودا نەماوە و تەنانەت بە هۆی دووجار سەردانم بۆ هەرێمی كوردستان تۆمەتی "سیخوری بۆ ئیسرائیل"یشم درایە پاڵ.
مامۆستا سۆهرابی لەمەڕ هۆكاری بڕیاری بەجێهێشتنی وڵات، وتی: ماوەی یەك حەفتە لەمەوبەر بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئوستان كرام و پێم راگەیەنرا، بە مەرجێك دەتوانی بچیتەوە سەركارێك كە نووسراوەیەك هەیە و پێویستە واژۆی بكە.
چەند رۆژلەمەوبەر دۆستان و نزیكەكانی دكتور سۆهرابی رایانگەیاندبوو،" هۆکاری دیارنەمانی ئەو مامۆستایە، "سیاسییە" و دەستی ئیدارەی ئیتلاعات لەپشتە".
سۆهرابی لەدرێژەی قسەکانیشدا وتیشی: لە نامەكەدا نووسرابوو،" من باوەڕم بە خوێنی شەهیدانی "دفاعی موقەدەس و ئیسلام" هەیە و هەر شتێك یان حەرەکەتێك كە لە زانكۆ بە دژی نیزام روو بدات دەبێئیتلاعاتی لێئاگادار بكەیتەوە و هاوكارمان بیت".
ئەو هاووڵاتییە كوردە كە ئێستا لەگەڵ بنەماڵەكەی لەیەكێك لەوڵاتانی بیانی گیرساوەتەوە وتی: من ئەو نامەیەم واژۆ نەكرد و لەلایەن مەئمورانی وەزارەت ئیتلاعاتەوە بێرێزیم پێكراو و تەنانەت لێشیاندام.
دكتور مەنسوور سۆهرابی بۆ ماوەیەكیش یەكێک لە ئەندامانی پێشووی لێژنەی زانستیی زانكۆی ئازادی ئیسلامی ـ لقی مەهاباد و بەرپرسی کۆلێژی زانستیش بووە.





