ئاژانسی كوردپا: خێرخوازەكانی شاری جوانڕۆ لە قاڵبی رێکخراوێكدا یارمەتیان گەیاندە دەستی خەڵکی دەستکورتی ناوچە هەژارنشینەكانی سەلاسی باوەجانی.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، هاووڵاتییانی كورد لە چەندین ئاوایی ناوچەی " دۆڵە دەڕە" پێشوازییان لە بانگەوازی (رێکخراوی فەرهەنگی- كۆمەڵایەتیی ئاشتی)ی كرد و یارمەتییەكانی خۆیان پێشكەش بەو رێکخراوە كردووە.

ریکخراوی " ئاشتی لەگەڵ ژیان" وێڕای پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری دەوا و دەرمان بۆ دانیشتوانی ئاوایی ناوچەی سەلاس، كەلوپەلی خوێندنیشی بەبێ‌بەرامبەر لەنێو قوتابیاندا بڵاو كردۆتەوە.

هەواڵنێری كوردپا لەسەلاسی باوەجانی، باسی لەچوونی تیمێكی ٣٧ كەسی ئەنجومەنەكە بۆ ٧ ئاوایی هەژار نشین كردووە و توویەتی: لەو چالاكییە خێرخوازانەیەدا دكتور، پەرەستار و تەنانەت پزیشكی نەخۆشیەكانی ژنانیش بەشدار بوون.

لەحاڵی حازردا نەخۆشخانەیەكی "سەیار" بۆ ١٥ هەزار نەخۆش لەناوچەكانی سلاسی باوەجانی لەبەر چاو گیراوە.

ئاواییەكانی " كەتكە، بێستان ئاوا، هەنارە، گەرم دەڕە، خۆرین، چوار دیوار و هاڵەڕەش" ئەو شوێنانەن كە خزمەتگوزاری و هاوكارییان پێشكەش كراوە.

چەند حەفتە لەمەوبەریش ئەنجومەنی " ئاشتبوونەوە لەگەڵ ژیان" بە هاوكاری ژمارەیەک لە سەرمایەدار و خێرخوازی شاری جوانڕۆ بە مەبەستی یارمەتی كردنی خەڵكی بێ‌دەرەتان و كەم داهات لەماڵی هونەرمەندی گورانیبێژ عەزیز وەیسی كۆببوونەوە.

رێکخراوی ئاشتی دامەزراوەیەكی كۆمەڵایەتی- فەرهەنگییە كە لەكۆتایەیكانی جۆزەردانی ئەمساڵ دامەزرا و لە بیاڤی تەندروستی و بێهداشت، ژینگەپارێزی، توێژینەوە كۆمەڵایەتییەكاندا چالاكی دەكات.