ئاژانسی کوردپا: ناوەندی فەرهەنگی هونەریی ڤەژین لە شاری مەریوان، بە بەشداریی ژمارەیەک لە چالاکانی ئەدەبی و فەرهەنگیی کورد، سمینارێکی ئەدەبیی لەسەر شانامەی کوردی بەڕێوەبرد.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ دوانیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە، رێکەوتی ٣٠ی گەلاوێژ سمینارێکی تایبەتی لەسەر شانامەی کوردی و رەسەنایەتیی ئەو دەقە ئەدەبییە، لە شاری مەریوان و له هۆڵی موجتهمهعی فهرههنگی هونهریی شاری مەریوان بەڕێوەچوو.

لەو سمینارەدا دوکتور بێهرووز چەمەنئارا، کە لیکۆڵەر لە بواری زمانی کوردی لە زانکۆی جۆرج ئاگۆستی ئاڵمانە، لە بابەتێکدا باسی لە شانامەی کوردی و حیماسەتە کوردییەکانی نێو شانامە کرد و رایگەیاند؛ شانامەی کوردی لەسەر بناغەی زاراوەی گۆران نووسراوە.
چەمەنئارا باسی لەوەش کرد، شانامەی کوردی جیاوازییەکەی تەواوی لەگەڵ شانامەی فارسی هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا لە زاراوەی لەکی و کەلهوڕییەوە زۆر نزیکە.
ئەو لێکۆڵەرە کوردە ئەوەشی خستۆتەڕوو؛ لەگەڵ ئەوەیکە شانامەی کوردی تایبەتە بە فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی و ئەفسانە کوردییەکان، بەڵام بەداخەوە هەتا ئێستا بەشێوەی سیستماتیک کار بۆ کۆکردنەوەی ئەو دەقە ئەدەبییە نەکراوە.

دەگوترێت کۆمیتەی کەلەپووریی ناوەندی فەرهەنگی هونەریی ڤەژین لە هەوڵی کۆکردنەوەی ئەو بەیت و بالۆرانەی ناوچەی مەریوان و ئاسەوارە مێژووییەکانی ناوچەکەدایە.
بە گوتەی چالاکانی ئەدەبی و نووسەرانی کورد، بەیتەکانی نێو شانامە، ناوچهی ئیلام، کرماشان و ههورامان ههتا ناوچەکانی ورمێ لەخۆ دەگرێت.








