ئاژانسی كوردپا: لاوێکی دیکەی کورد كە لەناوچە سنوورییەکانی پیرانشار سەرقاڵی کۆڵبەری بوو، لەلایەن هێزە نیزامییەكانی ئەو شارەوە دراوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست داوە.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، شەوی سێشەممە رێكەوتی ٢١ی گەلاوێژ " سالار ئازەربرزین" تەمەن ١٧ ساڵ و كوڕی ئەسكەندەر لەلایەن هێزە نیزامییەكانەوە گیانی لێئەستێنراوە.
بەوتەی یەكێك لەنزیكانی ئەو بنەماڵەیە، سالار بە هۆی هەژار و بێدەرەتانی بنەماڵەكەی رووی لە كۆڵبەری سەر سنوور كردبوو.
سالار ئازەریە خەڵكی گەڕەكی " كۆنەخان"ی پیرانشار بوو، کە لەشوێنێک بەناوی "خڕی دەڵاوان" دراوەتە بەر دەستڕێژی گوللـە
لەماوەی ئەم حەفتەیەدا دوو کۆڵبەری دیکەش لەلایەن هێزە نیزامییەکانی شاری پیرانشارەوە تەقەیان لێکراوە و بوونەتە قوربانی.
بەوتەی هاووڵاتیان، قەیرانی ئابووری لە پارێزگاكانی كوردستانی ئێران بە تایبەت لەناوچە سنوورنشینەكاندا خۆی زیاتر دەرخستووە و ئەو ناوچانە لە بوونی ناوەندی پیشەیی و فێركاری بێبەشن و هاووڵاتییانی كوردی ناچار كردووە روو لە كاری پڕمەترسیی كۆڵبەری بكەن، كارێك كە بە بەردەوام كوژران و بریندار بوونی كۆڵبەرانی لێدەكەوێتەوە.
ئەو بارەی كۆڵبەران كە بە پشتیان هەڵیدەگرن، بریتییە لە چای، شەكر، سیگار، كەلوپەلی ئارایشی، تەلەویزیۆن، و وەسایلی بەرقی.
بەپێی یاسای قاچاخی كاڵای حكوومەتی ئێران، تەنیا ئەو كەلوپەلانە دەچنە چوارچێوەی قاچاخەوە كە نرخەكەیان زیاتر لە یەك ملوێن تمەن بێت و ئەمە لەحاڵێكدا ئەو كەلوپەلانەی كە كۆڵبەران هەڵیدەگرن نرخەكەیان ناگاتە ئەو رادەیە.







