ئاژانسی كوردپا: ناوەندە ئەمنیەتی- قەزاییەكانی حكوومەتی ئێسلامیی ئێران لەكرماشان لە بەرەبەری یەك ساڵەی بە دەسەڵات گەیشتنی دەوڵەتی تەدبیر و ئومیدی حەسەن رۆحانیدا،ژمارەیەك هاووڵاتیی (لایەنگرانی ستادی دەوڵەتی)یان بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا كردوون.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لقی ٣ی دادسەرای گشتی و ئینقلابی كرماشان، ئەمڕۆ ١٢ی گەلاوێژ، دوو رۆژنامەنوسی كوردیان بەناوەكانی عەلی محەممەد ئیسلامپوور و فەرزاد پوورمورادی بانگهێشت كردووە.

ئەو دوو هاووڵاتییە كوردە ئەركی سەرنووسەری بڵاڤۆكی " نەوای وەقت" و سایتی " كرماشان پۆست"یان لە ئەستۆیە و دەبێلە رۆژەكانی سێشەممە و چوارشەممە ئەم حەفتەیە خۆیان بە بنكەی پۆلیسی " فەتا" بناسێنن.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بەهەواڵنیری كوردپای لەكرماشان راگەیاندووە، رۆژی رابردووش ئەمیر ساڵحی دەبیری حیزبی " مردمسالاری" و بەڕێوەبەری ماڵپەری ئەو حیزبە لەئوستانی كرماشان، بۆ ماوەیەكی كاتی لەدەستبەسەریدا بووە.
ئەمیر ساڵحی بە هۆی سكاڵەی ئیدارەی گشتیی جیهادی كەشاوەرزی ئوستان دادگایی كراوە و دواتر بە دانانی وەسیقە ئازاد كراوە.

شەپۆلی بەربڵاوی فشار بۆ سەر رۆژنامەنووسانی كورد لەشاری كرماشان بە داخستن و فیلتەر كردنی سایتی "حیزبی تەوسەعە" و هەڕەشەكانی ئازەرمی جێگری سیاسیی ئوستانداریی كرماشان لە وێبنووس و رۆژنامەنووسان، قۆناغێكی تازەی بەخۆیەوە بینیوە.
سەرچاوەكە باسی لە بانگهێشت كردنی ئیسفەندیار نیری بەڕێوەبەری وێبلاگی ئەدەب و ئاینە بۆ دادگا كردووە و ئەوەشی خستۆتە ڕوو، سەرجەم ئەو فشار و بانگهێشت كردنانە لەلایەن لقی ٣ی دادسەرای گشتی و ئینقلابی كرماشانەوە ئەنجام دراوە.

لەدرێژەدا هەواڵنێری كوردپا وتیشی: موحسێن چەنانی بەرپرسی بنكەی و ستادی د. عارف لەگەڵ سكاڵەی ئیدارەی میرات فەرهەنگی ئەستان بەرەوڕوو بۆتەوە و لەحاڵی حازردا خۆی بەدەستەوە نەداوە.
شەپۆلی بانگهێشت و فشارەكان لەكرماشان لەو ماوەیەدا، بە بەراورد لەگەڵ دەوڵەتی نۆیەم، دەیەم و تەنانەت رووداوەكانی ٨٨یش بێوێنە بووە.

لەماوەی چەند مانگی رابردوودا بەشێك لەهاووڵاتییانی كورد لەئوستانی كرماشان لە كار و كردەوەكانی ئیبراهیم رەزایی ئوستانداری كرماشان ناڕازین و نابراویان بە هاوكاری نەكردن و دژایەتی كردن لەگەڵ بەرنامەكانی دەوڵەت تۆمەتبار كردووە.
چەند رۆژ لەمەوبەریش رێكخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور وێڕای رەخنەگرتن لە شەپۆلی تازەی دەستبەسەر کردن و فشار بۆ سەر رۆژنامەنووسان، حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانی بە پیێشێڵكردنی "مافی ئازادی رادەربڕین" تاوانبار كردووە.





