ئاژانسی کوردپا: بە هۆی ئاگرکەوتنەوە لەچوار شوێن و ناوچەی مەریوان، زیاتر لە ١٠ هێکتار دارستان لە ئاگردا سووتا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٥‌ی جۆزەردان لێڕەوار و دارستانەکانی ئاوایی لەنجاوا، تەپەی موسک، مەڕانە و هانەشێخان ئاگرییان گرت و بەو هۆیەوە خەسارێکی بەرچاوی ژینگەیەی بە ناوچەکە گەیشت.

بەپێی وتەی یەکێک لەشایەتحاڵان لە دەورووبەری چیای لەنجاوا دوو هێکتار دارستان سووتاوە و هەروەها لەناوچەی هانەشێخانیش زیاتر لە ٨ هێکتار زەوی و زار و دارستان لەئاگردا سووتاوە.

ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیا و ژمارەیەک هاووڵاتیی بە هانای ئەو دارستانانەوە چوون و دوای هەوڵ و ماندوو بوونێکی زۆر توانیویانە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.

رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١‌ی "جۆزەردان"‌یش هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی بەرگریی لە ژینگەی کوردستان، بەشێک لە لێڕەوار و دارستانەکانی نەوسوود و روانسەر لەئاگردا سووتابوون.

هەر ئەو کات سەرچاوەیەکی ئاگادار بەئاژانسی کوردپای راگەیاندبوو: هێزە نیزامییەکانی "سوپا"‌ی روانسەر بەبیانووی هەبوونی کەسانی چەکداری سەر بە حیزبە کوردییەکان، چەندین هێکتار لە لێڕەوارەکانی چیای شاهۆیان ئاگر داوە.

وێنــه: مه‌هدی کۆنه‌پۆشی