ئاژانسی كوردپا: تێكواندۆكارێكی كوردی خەڵكی بۆكان توانی لە ئۆڵمپیادی وەرزشی تێكواندۆ لە ركابەرییەكانی ئێراندا، پلەی سێیەم له کێشی + ٨٧ بەدەست بێنێت.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، مەنسوور سەرمایە خوێندكاری زانكۆی پەیام نوور و تێكواندۆكاری كورد لەنێو خوێندكارانی كاراتەكاردا میداڵی "برۆنز"‌ی بەدەست هێنا.

ئەو ركابەرییە لەئاستی ئێران و لەنێو خوێندكارانی زانكۆكانی پەیام نووردا بەڕێوە چووبوو.

چەند رۆژ لەمەوبەریش قوتابییەكی قوتابخانەی دواناوەندی لەشاری بۆكان لەركابەرییە جیهانییەكانی كاراتەدا توانیبووی پلەی سێیەم و میداڵی "برۆنز" بەدەست بێنێت.

رامین جەمشیدی قوتابیی قوتابخانەی فارابی، توانیبووی شکست بە وەرزشكارانی وڵاتانی كورەی باشوور، توركیا و ئێران بێنێت.

پێشتریش جەماڵ حوسێن‌زادە و ئەیوب فەهمیی دوو وەرزشوانی رشتەی "كیک جیستو" لەكێبڕكێ جیهانییەكانی ساڵی ٢٠١٣‌ی وڵاتی توركیا، توانیبوویان بە سەر بەرامبەرەكانیان، كە لە وڵاتانی رووسیا و ئازەربایجانەوە بەشداربوون، سەربكەون و مداڵی زێڕ بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن.

ئەیوب فەهیمی بێجگە لە بەدەستهێنانی پلەی یەكەم، وەکوو تكنیكیترین وەرزشوانیش پلەی یەكەمی بەدەست هێنابوو.

جەماڵ حوسێن‌زادە و ئەیوب فەهیمی ئەو سەرکەوتن و میداڵەی كە بەدەستیان هێناوە، پێشكەشی هاووڵاتیانی شاری بۆكانیان كردووە.