ئاژانسی كوردپا: لەبۆكان كتێبی هەنگاو كە گوڵبژێرێک لە شێعری شاعیرانی كوردە و هەروەها كتێبی "زمانناسی و شێوەزارەكانی كوردی ئیلامی" كە تایبەتە بە ئوستانی ئیلام، چاپ و بڵاو كرانەوە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، كتێبی هەنگاو لەنووسین و ئامادەكردنی، شاعیر و لێكۆڵەر "عەزیز میرزا قادری" كە شێعری ١٠٤ شاعیری هاوچەرخی لەخۆ گرتووە كەوتە بەر دیدی خوێنەران.

لەو كتێبەدا وێنەی ١٠٤ شاعیرەكەشی تێیدا گونجێندراوە و ئەركی ئەو وێنانە لوقمان رەحیمی وێنەگری ناسراوی بۆکانی و براوەی خەڵاتی جیهانی كێشاویەتی.
ئەو كتێبە ٦٥٠ بەرهەمی شێعریی ١٠٤ شاعیری لەخۆ گرتووە و لە كۆی شاعیرەكان، ١٨ كەسیان لەژیاندا نەماون و کتێبەکەش لەلایەن دەزگای چاپی "نارین"ی بۆكان لەچاپ دراوە.
لەلایەكی دیكەوە كتێبێك لەژێر ناوی "زمانناسی و شێوەزارەكانی كوردی ئیلامی" لەنووسین و ئامادە كردنی ئیلهام سەباتی لەئوستانی ئیلام چاپ و بڵاو كراوەتەوە.
ئەو كتێبە لە٢٠٠ لاپەڕە پێكهاتووە و بەهاوكاری دوكتور "عالیە كورد زەعفۆانلوو" مامۆستای زانكۆ نووسراوە.
لەو كتێبەدا هەوڵ دراوە هەر چوار شێوەزاری ئوستانی ئیلام (ئەركەوازی، خەزلی، شێروانی، مەلەكشاهی) بخرێتە بەرباس و لێكۆڵینەوە.
كتێبی شێوەزارەكانی ئیلامی چوار بەشی لەخۆ گرتووە و بەوتەی نووسەرەكەی لەو كتێبەدا كەموكورتی و كێشەكانی بەردەم زمانناسی كوردی خراوەتەڕوو.





