ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە هونەرمەندانی ناسراوی کوردستان لە بەرنامەی "شبهای روشن"ی ئیلام رێزی لێ گیردرا.
بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سەر لە ئێوارەی رۆژی دووشەممە ٢٥ی خاکەلێوە، کۆمەڵێک لە هونەرمەندانی کورد و بەرپرسانی بەرنامەی "شبهای روشن" لە شاری ئیلام، رێزیان لە "مەنووچێهر تەتەری" وێنەگر و لێکۆڵەری نەتەوەکانی پێکهێنەری ئێران گرت.
ئەو هونەرمەندە ناودارەی کورد لە چەندین فستیڤاڵی نێوخۆیی و دەرەکیدا توانیویەتی پلەی یەکەم بە دەست بێنێ و بە گشتی ٣١ میداڵی بە دەست هێناوە.

لەو رێوڕەسمەدا ژیاننامە و سەرکەوتنەکانی مەنوچێهر تەتەری لە فیلمێکی دیکۆمێنتاریدا پێشانی بەشداربوان درا و پاشان محەممەد پیرانی شاعیر و خۆشنووسی ئابدانانی چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و دواتر سالم پوورئەحمەد و محەممەد رەزا روستەمپوور چەند پارچە شێعرێکیان خوێندەوە.
لە درێژەی رێوڕەسمەکەدا چەندی پارچە موسیقا لەلایەن هونەرمەندان محەممەد رەزا شەوهانی و کەریم مەنسوور پێشکەش کرا و دواتر کورتە مێژووی وێنەگری لەلایەن (سیروس لەتیفیان)ـەوە خوێندرایەوە.
بەرنامەی "شبهای روشن" ئیلام رێز لە نووسەران، شاعیران و هونەرمەندانی ئوستانی ئیلام دەگرێ و پێشتریش عەلی دوست فەلاحەتی یەکێک لە ژەنیارەکانی کوردستان و هاشم پالیزبان تەوسنویسی ئیلامی لەو بەرنامەیەدا رێزیان لێ گیردرا بوو.
جەلیل سەفەربەیگی بەرپرسایەتی "شبهای ایلام"ی لە ئەستۆیە و هەر ئەو رۆژە لەوحی رێزلێنانی پێشکەش بە مەنووچێهر تەتەری کرد.
مەنووچێهر تەتەری ساڵی ١٣٥٢ی هەتاوی لە گوندی "شێخ ماخۆ"ی شاری دەڕەشاری ئیلام لە دایک بووە.












