گیسو: حەفتەی سێیەمی مانگی خاکەلێوەی ١٣٩٣ی هەتاوی
ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور، ٣ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لە کوردستان، خۆکوژی دوو ژن لە شارەکانی سەقز و مەهاباد و کوژرانی کچێک بە دەستی دایکی لە ورمێ و ١ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە ناڕوونیی پەروەندەی فاتمه هاشمییە، لە شوێنەکانی دیکەی ئێران لەخۆ دەگرێت.
"بەرموور" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش بدات.
کوردستـــــــــــان
خۆکوژی دوو ژنی کورد لە شارەکانی مەهاباد و سەقز
بە خۆکوژی کچێکی لاو لە شاری سەقز و ژنێکی دووگیان لە شاری مەهاباد، ئاماری ئەو ژن و کچە کوردانەی کەلە ماوەی ٢٠ رۆژی رابردوودا هەوڵی خۆکوژییان داوە، گەیشتە ٥ کەس.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٧ی خاکەلێوە کچێک بەناوی "کەژاڵ قادری" خەڵکی ناوچەی سەقز بە چەکی "تاپڕ" کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.
کەژاڵ قادری، کە کچی رەحمانی حاجی ساڵەی سیادەری سەروو لە ناوچەی گەورکی سەقز بووە، بەوتەی هاووڵاتییانی ئەو گوندە، کەژاڵ حەفتەیەک پێش ئێستا لەلایەن بنەماڵەکەیەوە بە ئیجباری لە ئامۆزایەکی خۆی مارە کرابوو، کە بەو هۆیەوە هەوڵی خۆکوژی داوە.
لە لایەکی دیکەوە، چەند رۆژ لەمەوبەر ژنێكی دوو گیان بەناوی مەرزییە قارەمانی، تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵكی ئاوایی "خانكەندی"ی سەر بە شاری میاندواو ئاگری لەجەستەی خۆی بەردەواوە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەست دا.
دەگوترێت كە ئەو ژنە كوردە بەهۆی كێشەی بنەماڵەییەوە هەوڵی خۆکوژیی داوە و لە ئەنجامدا بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.
بەپێی ئەو ئامارانەی کەلە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا تۆمار کراون، لە سەرەتای ئەمساڵ(١٣٩٣ی هەتاوی)یەوە، ٥ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشێنەکانی ئێران دەستیان داوەتە خۆکوژی کە ٤ کەسیان گیانیان لە دەست داوە.
قەتڵی نامووسی ئەمجارەیان لەلایەن دایکییەوە
لە ماوەی حەفتەی رابردوودا کچێکی لاو بەهۆی "تێروانینی عەشیرەیی"یەوە، بە دەستی دایکی گیانی لێ ئەستێندرا. ئەمە دوهەمین قەتڵی نامووسی لە ماوەی ٢٠ رۆژی رابردوودایە، کەلە کوردستان روو ئەدات.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، لە رۆژانی رابردوودا کچێکی تەمەن ١٩ ساڵ، کە بەهیوای پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لەگەڵ خۆشەویستەکەی، ماڵی خۆیانی بەجێهێشتبوو، لەلایەن دایکیەوە کوژرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو رووداوە، ئەو کوڕەی کە کچەکەی لەگەڵ رۆیشتووە، چۆتە ماڵی زۆربەی خزمەکانی خۆی، بەڵام هیچکام لەوان درگایان لێ نەکردۆتەوە و ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کچەکە بگەڕێتەوە بۆ ماڵی خۆیان و پاش گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، دەستبەجێ لەلایەن دایکییەوە بە پەت خنکێندراوە.
دایکی ئەو کچە گوتوویەتی لەبەر ئەوە کچەکەی خنکاندووە، کە ئەو ٦ کچی دیکەی دەرسی لێ وەرگرن و لە ماڵەوە ڕا نەکەن.
دەگوترێت، ئەو کچە کوژراوە ئەندامی بنەماڵەیەکی سەربە عەشیرەتی جەلالی لە شەهرەکی کوشتارگای ورمێ بووە.
بەپێی ئەو ئامارانەی کەلە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا تۆمار کراون، لە سەرەتای ئەمساڵ(١٣٩٣ی هەتاوی)یەوە، ٢ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشێنەکانی بوونەتە قوربانی قەتڵە نامووسییەکان.
ئێران
ناڕوونیی پەروەندەی فاتمە هاشمی
پەروەندەی فاتمە هاشمی کە بە ٦ مانگ زیندنایی هەڵپەسێردراو بۆ ماوەی دوساڵ حوکم درابوو، رەوانەی دادگای پێداچوونەە کراوە و هەتا ئیستا بەناڕوونی ماوەتەوە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، هوشەنگ پوربابایی رۆژی دووشەممەی حەفتەی رابردوو رایگەیاند؛ پەروەندەی فاتمە هاشمی رەوانەی دادگای پێداچوونەوە کراوە و وتی :"دادگای پێداچوونەوە هەتا ئێستا لە سەر ئەو پەروەندەیە بڕیاری نەداوە."
دادگای پێڕاگەیشتن بە تاوانەکانی فاتمە هاشـی رەفسەنجانی ١٨ی بەفرانباری ٩٢ لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری تاران بە دادوەری دادوەر ئەحمەدزادە بەڕێوە چوو، کە بە ٦ مانگ زیندانیی هەڵپەسێردراو بۆ ماوەی ٢ ساڵ، مەحکووم کرا بوو.
دوابەدوای دەرکرانی ئەو حوکمە، ناوبراو رێکەوتی ٢٦ی رێبەندان بە خستنەرووی گەڵاڵەیەک ، ناڕەزایەتی خۆی بە نیسبەت ئەو حوکمەوە دەربڕی.
لقی ١٢ی دادسەرای فەرهەنگ و راگەیاندنەکان تاوانی "فاتمە هاشمی"ی، بڵاوکردنەوەی درۆ و بوختان لە قەڵەم دابوو.
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ٣ حاڵەت)
ماڵپەڕی ئیلنا (١ حاڵەت)





