ئاژانسی كوردپا: خوێندكارێكی كوردی خەڵكی شارستانی نەغەدە ٣٠ " نرم افزار"ی كامپیۆتێر و موبایلی كردووە بە زمانی كوردی.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، سیروان دەرمان خوێندكاریی بەشی كەشتوكاڵ لە زانكۆی ئەردەبیل، لە بواری بەرنامەی ITیدا كارێكی بێوێنەی كردووە و بەكارهێنەرانی گووشی موبایلی "ئاندرۆید" دەتوانن كەڵكی لێوەربگرن.
سیروان دەرمان لەو بارەیەوە راگەیاندووە،" من لەتەمەنی منداڵییەوە ئۆگرییەكی تایبەتیم بە زمانی كوردی هەبووە و دەمهەویست كاتێک كە گەورە بووم خزمەت بە خەڵكەكەی خۆم بكەم".

ئەو لاوە تەمەن ٢١ ساڵەیە ماوەی دوو ساڵە لەسەر بەرنامەی IT كاری كردووە و توانیویەتی ٣٠ نەرم ئەفزاری كامپیۆتێر و موبایل بكا بە كوردی.
ئەو خوێندكارە كوردە ئامانج لەو كارەی گەڕاندۆتەوە بۆ خزمەت كردن بە نەتەوەی كورد و وتوویەتی: هاووڵاتییانی كورد ئێستا دەتوانن زۆر بە سانایی كەڵك لەو بەرنامانە وەربگرن.
سیروان دەرمان لەحاڵی حازردا سەرقاڵی داڕشتن و دروست كردنی "نەرم ئەفزارێكی ئاندرویدی" بە كوردی كرمانجییە ( پیتی لاتین)ـە.





