ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە چالاکان و لایەنگرانی ژینگە، سەیرانگەیەکی شاری جوانڕۆیان لەپاشماوە و زبڵ خاوێن کردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٧‌ی خاکەلێوە سەیرانگەی "بیلەیی" جوانڕۆ لەلایەن هاووڵاتییانەوە خاوێن کرایەوە و نزیک بە ٥ تۆن زبڵ و پاشماوەی لێ‌کۆکراوەتەوە.

ئەو چالاک و لایەنگرانەی ژینگە، رێکەوتی ١‌ی خاکەلێوەی ئەمساڵیش سەیرانگەی "هەلانیە"یان،‌ کە لەنزیک شارستانی جوانڕۆ هەڵکەوتووە، خاوێن کردبۆوە.

دەگوترێت، هاووڵاتییانی شاری جوانرۆ لەو دوو چالاکییەدا، ١١ تۆن زبڵ و خاشاکیان کۆ کردۆتەوە.

بەوتەی چالاکانی ژینگەپارێز، ئەو هەوڵانە لەپێناو پاراستنی ژینگە و سروشتی جوانی کوردستانە و لەلایەکی دیکەوە واتای فەرهەنگی نیشتمان خۆشەویستییە.

لەدەسپێکی ساڵی تازەی ١٣٩٣‌ی هەتاویدا ژمارەیەکی بەرچاو لەخەڵکی شارەکانی بۆکان، مەهاباد و مەریوانیش چالاکیی نەمام چاندن و خاوێن کردنەوەی ژینگەیان بەڕێوە بردبوو.