ئاژانسی کوردپا: کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و شارەکانی دیکەی کوردستان لە سۆنگەی ئەکادیمیکەوە تاوتوێ کرا.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ ژمارەیەک لە چالاکانی فەرهەنگی و کەسایەتی ئەدەبی و ئەکادیمی لە رێوڕەسمێکدا یاد و بیرئانینی قوربانییانی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەیان بەرز راگرت.

ئەو رێوڕەسمە رۆژی رابردوو لە ناوەندی فێرکاریی زمانی کوردیی سۆما – لقی شاری سنە بەڕێوە چوو و ژینۆسایدی نەتەوەی کورد بەهۆی هێرشە کۆمەڵکوژییەکانەوە لە رەهەندی زانستییەوە هەڵسەنگاندنی بۆ کرا.
پانێلی یەکەمی ئەو رێوڕەسمە کە کاتژمێر ٣ و نیوی پاشنیوەڕۆ دەستی پێکرد، دوکتور مورتەزا جەوانمەردی، پاریزەر لە دادگاکان چەند وتەیەکی پێشکەش کرد، کە تیایدا باسی لە چۆنیەتیی ناساندنی کارەساتی "هەڵەبجە" و "ئەنفال" لە یاساکانی پەیونەدیدارە بە ژینۆسایدەوە کرد.
هەروەها لەو پانێلەدا دوکتوری ئیدریس ئەحمەدی ئاماژەی بە چۆنیەتیی شکڵگرتنی یاسا نێوەنەتەوەییەکانی پەیونەدیدار بە ژینۆساید و کۆمەڵکوژی ئینسانەکان کرد.
دواتر چەندین شێعری کوردی لە رێوڕەسمی تایبەت بە کارەساتی هەڵەبجە پێشکەش بە ئامادەبوان کرا.

هەروەها لەو رێوڕەسمەدا، فیلمێک سەبارەت بە ژینۆسایدی مۆرڤەکان لە ئەرمەنستان، ژاپۆن و کوردستان و بەتایبەت کوشتاری شارەکانی هەڵەبجە، سەردەشت و رۆبۆسکی پیشان درا.
لە پانێلی کۆتایی رێوڕەسمەکەدا، دوکتور جەلال شەفیعی، دوکتور مەسعوود بینەندە و دوکتور مەسعوود رۆستەمەی باسە زانستییەکانی خۆیان سەبارەت بە لایەنە جیاوازەکانی ژینۆساید و مافە نێونەتەوەییەکان خستەڕوو.
ژمارەیەک لە شار و گوندەکانی کوردستانی ئێران لە ماوەی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراقدا کیمیاباران کران، کە شارەکانی سەردەشت لە ٧ی پوشپەڕی ساڵی ٦٦، سێ جار کیمیاباران کردنی شاری نۆدشە و گوندەکانی زەردە، سەرمیل و دەیرە لە ناوچەی داڵاهۆ لەو ماوەیەدا بەرەوڕووی بۆردومانی کیمایی بوونەوە.







