ئاژانسی کوردپا: نزیک بە ١٥٠ کوڕ و کچ لە شاری سنە لەلایەن پۆلیسی ئەو شارەوە بە هۆکارێکی ناڕوون لە کۆبوونەوەیەکدا دەستبەسەر کران.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ کاتژمێر ٩ی شەوی رابردوو رێکەوتی ١٥ی رەشەمە نزیک بە ١٥٠ کوڕ و کچی خەڵکی شاری سنە لە یەکێک لە باخەکانی رێگەی "سەڵوات ئاوا"ی ئەو شارە دەستبەسەر و رەوانەی زیندان کران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەمڕۆ هەینی بنەماڵەی ئەو کوڕ و کچانە لە بەر دەم ئیدارەی پۆلیس لە شەقامی "کشاوەرز(وەکیل)" کۆبوونەتەوەو خوازیاری ئازادیی منداڵەکانیان بوون و هاوکات دۆخی شاری سنەش ئەمنیەتی کراوە.
هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەر کرانی بە کۆمەڵی ئەو کوڕ و کچانە روون نەبۆتەوە، بەڵام دەنگۆی ئەوە هەیە کە سەبارەت بە ٨ی مارس (رۆژی جیهانیی ژن) کۆبوونەوەیان پێک هێنابێت.
لە رۆژانی رابردووشدا چەند کەس لە چالاکانی ژنان و کرێکاریی شاری سنە لەلایەن ناوەندە ئەمنی قەزاییەکانی شاری سنەوە بانگهێشت و لەمەڕ بەڕێوەبردنی رۆژی ٨ی مارس هەڕەشەیان لێکرابوو.
بەپێی راپۆرتانەی کە بلاو بوونەتەوە "سیمین چایچی، سووسەن رازانی، خالید و غالب حوسێنی، موزەفەر ساڵح نیا و خەلیل کەریمی" لەو چالاکانە بوون کە بەرەەوڕووی هەڕەشەی ناوەندە ئەمنی و قەزاییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەشاری سنە بوونەتەوە.





