ئاژانسی كوردپا: سێزیندانیی سیاسیی كورد لە مەهاباد، لەلایەن دەزگا قەزاییەكانی حكوومەتی ئێرانەوە پەروەندەی نوێیان بۆ دروست كراوەتەوە و سەرلەنوێ حوکمییان بۆ بڕدراوەتەوە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، دادگای ئینقلابی شاری سەردەشت، حوكمی ٩١ رۆژ زیندانیی تەعزیری بۆ سێدەستبەسەركراوی كورد بەناوەكانی رەزا رەسووڵی، خدر رەسووڵ مروەت و فارووق سامانی دەكرد.
ئەو سێهاووڵاتییە كوردە ماوەی یەک ساڵ لەمەوبەر لە شاری مەهاباد دەستبەسەر كران و ئێستاكە لەگرتووخانەی ناوەندی ئەو شارەدا راگیراون.

دەزگای قەزایی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لەشاری سەردەشت بە تۆمەتی " بەزاندنی سنوور و چوونە دەرەوەی نایاسایی لەئێران" ئەو سێهاووڵاتییەی سەرلەنوێ بە زیندان مەحکووم کردووە.
ئەو حوكمە لەحاڵێكدا دەركراوە، كە رەزا رەسووڵی، خدر رەسووڵ مروەت و فارووق سامانی بە تۆمەتی " هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" و "پڕوپاگەندە بەدژی نیزام" لە سەرەتای مانگە رەشەمەی ٩١ـەوە لە دەستبەسەریدان.
فارووق سوڵتانی هونەرمەندی شاری مەهابادەوە و لەلایەن دەزگا قەزاییەكانەوە بە ٥ ساڵ زیندان حوكم دراوە.
هەروەها هەر كام لە خدر رەسووڵ مروەت و رەزا رەسووڵی بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحكووم كراون.
لەوبارەیەوە كەمپەینی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ لەئێران بڵاوی كردبۆوە، رەزا رەسووڵی لە ناو گرتووخانەی شاری مەهابادا تووشی هەوكردن (عفونت) و زۆربەی ئێسکەکانیشی رەش بوونەتەوەو ئیدارەی ئیتلاعات بە بەردەوامی رێگری لە چوونە دەرەوەی ناوبراو بۆ چارەسەریی نەخۆشییەکەی لە زیندان کردووە.





