ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە زیندانیانی سیاسیی بەلووچ پاش زیاتر لە ٤ ساڵ راگیران لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج ئازاد کرا.
بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی رابردوو یەکێک لە ئەندامانی پێشووی رێکخراوی موجاهدینی خەلقی ئێران بە ناوی "عەباسبادفەڕ" و تەمەن ٣٠ ساڵ، دوای ٤ ساڵ و ٣ مانگ راگیران لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج، ئازاد کرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە، پاییزی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی دەستبەسەر و بە تۆمەتی "موحاربە " و " پەیوەندی لە گەڵ رێکخراوی موجاهدینی خەلق" موحاکمە و بە ١٠ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی رەجایی شاری کەرەج مەحکوم کرا.
عەباس بادفەڕ ماوەی ٤ ساڵ و ٣ مانگ لە بەندیخانەکانی حکومەتی ئیسلامیی ئێران راگیرابوو.
ناوبراو مانگی بەفرانباری ساڵی رابردوو لە نامەیەکدا بۆ ئەحمەد شەهید نوسیبووی: "کۆتاییەکانی پاییزی ١٣٨٧ لە بنکەی ئەشرەف، کەلە وڵاتی عێراق هەڵکەوتووە، هاتمە دەرەوەو خۆم رادەستی هێزە ئەمریکاییەکان کرد و ئەوانیش منیان رادەستی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کرد، بەڵام لە لایەن ئەو هێزانەوە لە عیراق دەرکرام و دواتر هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئێران لە رێکەوتی ٢ی رەزبەری ٨٨ منیان گەڕاندەوە بۆ ئێران و لەو کاتەوە دەستبەسەر کراوم.
ئەو ئەندامەی پێشووی موجاهیدینی خەلق، لە شاری ئیرانشار سەر بە ئوستانی سیستان و بەلووچستانە.





