ئاژانسی کوردپا: مانۆڕی نیزامیی سوپای پاسداران لە ناو شاری شنۆ و دەوروبەری، ترس و دڵەڕاوکێی لای هاووڵاتییانی کوردی ئەو شارە دروست کردووە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ ماوەی سێ رۆژە هێزەکانی سوپای پاسداران لە ناو شاری شنۆ و دەورووبەری بە چەکی قورسەوە جێگیربوونە و وێڕای پشکنینی هاووڵاتییان، جووڵە و هاتووچۆی خەڵکی ئەو شارەش کۆنتڕۆڵ دەکەن.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری شنۆوە رایگەیاند؛ سوپای پاسداران لە فەلەکەی بیمارستان و پردی بازاڕێ و پارکی شێخعەبدولعەزیز سەنگەریان داناوە و کارتی پێناس لە رێبواران و هاووڵاتییان وەردەگرن.
هەروەها هێزەکانی سوپای پاسداران لە سەر شەقامەکان تەگەری ماشینیان ئاور داوە، کە ئیدارەی ئاگرکوژێنەوە ئەو ئاگرانەی کووژاندۆتەوە.

دەگوترێت کە هێزێکی زۆری نیزامی و لیباس شەخسی بە ناو شاری گەڕەکەکانیشدا بڵاو بوونەتوە و بەردەوام هاووڵاتییانی کورد دەپشکنن، کە ئەمە ناڕەزایەتی و نیگەرانیی خەڵکی لێکەوتۆتەوە.
چالاکانی سیاسی لەو باوەڕەدان، ناوەندە ئەمنییەکان و سوپای پاسداران لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا بە بەڕێوەبردنی مانۆڕ و میلیتاریزە کردنی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، ویستوویانە سیمایەکی نائەمن لە ناوچە کوردنشینەکان نیشان بدەن و بەو هۆیەشەوە هەتا ئێستا بە شێوەی پلان بۆداڕێژراو پیشیان بە گەشە سەندنی ئابووری ناوچە کوردنشینەکان گرتووە.





