ئاژانسی کوردپا: راوچییەکی کوردی خەڵکی ناوچەی هەورامان بە نیشانەی ژینگە دۆستی و دژایەتیی راو، لە رۆژی ڤالانتایندا چەکەکەی خۆی لەبەر چاوی خەڵک شکاند.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ پاش ئەوەی ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بە مەبەستی هۆشیار کردنەوە و چالاکیی ژینگە پارێزی سەردانی گوندەکانی ناوچەی سەوڵاوا و مەریوانیان کرد، راوچییەک بەناوی " ئەحمەد عەزیزی" خەلكی ئاوایی "دەرەکێ"ی سەربە شاری سەوڵاوا تاپرەکەی خۆی شکاند.
دەگوترێت، ئەحمەد عەزیزی پاش نزیک بە ٢٠ ساڵ راو کردن، بڕیاری داوە واز لە راو کردن بێنێت و بە نیشانەی خۆشەویستیی خۆی بۆ سروشت و ئاژەڵان، لە رۆژی ڤاڵانتایندا چەکەکی شکاندووە.
رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٥ی رێبەندان ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، سەردانی ئاواییەکانی "دەرەکێ، کەماڵە، هەورامانی تەخت، بڵبەر، سڵێن و ژیوار"یان کردووە.
هەڵوێستی ئەم راوچییە کوردە، لەلایەن خەڵکی ئەو ئاواییەوە پێشوازی لێکراوە و ئەنجومەنی سەوزی چیاش بە نیشانەی رێزلێنان لەو هەڵوێستە، چەپکە گوڵ و لەوحی رێزلێنانیان پێشکەش بە ناوبراو کردووە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان لەحاڵی حازردا ٥٠ هەزار چەکی رێگەپێدراو، و نایاسایی بەدەستی راوچییەکانەوەیە، کە لە ٣٥ شوێن و ناوچەی ئوستانی کوردستاندا راوی پێدەکرێت، کە ئەو ژمارە چەکە بە گەورەترین هەڕەشە بۆسەر ژینگەی ئاژەڵیی کوردستان بە ئەژمار دێت.
وێنە: ئەنجومەنی سەوز










