ئاژانسی كوردپا: ژنێكی كوردی خەڵكی مەریوان بەهۆی ئاگر گرتنەوە تووشی سووتان بووە و لە ئەنجامدا بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی ١٨ی بەفرانبار ژنێكی مەریوانی بەناوی "گۆنا" تووشی سووتان بووە و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەی شاری سنە گیانی لەدەست داوە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار ئاشكرای كردووە، كاتێک كە ئەو ژنە ئاگری تێبەربووە، هاوسەرەكەی بەهانایەوە چووە و لەئەنجامدا هاوسەرەكەشی تووشی سووتان بووە.
سەرچاوەكە ئەوەشی خستەڕوو هاوسەری "گۆنا" ٥٠% لە جەستەی تووشی سووتان بووە و هەنووكە لە نەخۆشخانەی شاری سنە لەژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.
هەروەها رۆژی شەممە رێكەوتی ١٤ی بەفرانباریش ژنێكی تەمەن ٦٠ ساڵ بەناوی "رەزیە" و خەڵكی گوندی "كەڕاوا"ی سەربە شاری مەریوان بەهۆی هیوا بڕاوی لەژیان، لەرێگای خۆ هەڵواسینەوە كۆتایی بەژیانی خۆی هێنابوو.





