ئاژانسی كوردپا: حوسێن یووسف زەمانی ژەنیار و موزیكزانی سنەیی بە هۆی نەخۆشییەوە لەشاری تاران ماڵاوایی لەژیان كرد.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، حوسێن یووسف زەمانی پاش ٥٠ ساڵ کاری فەرهەنگی و هونەری لەبوارەكانی "سەمفۆنیک، ئۆپێڕای تاران، ئۆركێسترای رادیۆ و تەلەویزویون" کۆچی دوایی کرد.

ئەو هونەرمەندە ساڵی ١٣٣٧ بە مەبەستی درێژەدان بەخوێندن لەشاری سنەوە چۆتە تاران و توانیویەتی بڕوانامەی "كنسرواتوار باڵای مۆسیقا"ی بەدەست بێنێت.

ئەو ژەنیارە كوردە لە "ویۆڵۆن"‌دا شارەزایەكی بێ‌هاوتای هەبوو و هەروەها لە بواری ئاوازدانەریشدا، چەندین بەرهەمی ناوازەی ئافراندووە.

سەمفۆنی مەرگی سۆهراب، مارشی شاهین، شەپۆل، مارشی نەبەرد، شادی كوچوولوو، بۆنی باران، پەیامی من، هاوسەنگەر، سەمای باران و دەمهەوێ‌قسە بكەم" بەشێک لەبەرهەمەكانی مامۆستا "حوسێن یووسف زەمانی"‌ین.

حوسێن یووسف زەمانی ساڵی ١٣١٢ی هەتاوی لەشاری سنە لەدایک بووە و دوای ٥٠ ساڵ کار کردن لە ئورکسترای رادیۆ تەلەفزیۆن و خزمەت بەكاری هونەریی، لەرێكەوتی ١٠ی بەفرانباری ١٣٩٢ كۆچی دوایی كرد.