ئاژانسی کوردپا: بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆ لەنێوان جاددەی ئیلام بۆ شاری مێهران، ژنە مامۆستایەکی کورد و شۆفێری ئۆتۆمبیلەکە گیانیان لەدەست دا.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سەر لەبەیانی ئەمڕۆ ماشێنی راگواستنی مامۆستایانی بەخشی "ساڵحئاوا"ی شاری سنووریی مێهران، تووشی رووداوی هاتووچۆ بوو کە بەو هۆیەوە ٤ مامۆستا و شۆفیری ئۆتۆمبیلەکە کوژراو و بریندار بوون.
هەواڵنێری کوردپا وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە رایگەیاند، لەو رووداوەدا کەلە نێوان ئۆتۆمبیلێکی جۆری سەمەند و بارهەڵگرێکدا هاتۆتە ئاراوە، ژنە مامۆستایەکی زمانی ئینگلیزی بە ناوی "تەیبە رەزایی"، گیانی لەدەست داوە.
هەروەها لەو رووداوەدا، شۆفیری ماشێنی هێنان و بردنی ئەو مامۆستایانە دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە کە هەتا ئێستا ناسنامەی بۆ کوردپا روون نەبۆتەوە.
سێ مامۆستای دیکە کە لەو ئۆتۆمبیلەدا بوون بریندار بوون و هەنووکە لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری ئیلام لەژێر چاوەدێریی پزیشکی دان.
دەگوترێ "هاتووچۆی لە رادەبەدەری زیارەتکەرانی ئێرانی و هەروەها هەناردە و هاوردە کردنی کەلووپەل و تەسک بوونی رێگا و بانەکان" هۆکاری هاتنە ئارای ئەو رووداوە بووە.
لە ٩ مانگی رابردوودا ، سەرجەم ١١٩ هاووڵاتی بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە لە ئوستانی ئیلام گیانیان لە دەست داوە کەلە کۆی ئەو رێژەیە ٣١ کەسیان ژن بوون.





