ئاژانسی كوردپا: دوو راوچیی ناوچەی دیواندەڕە بەشێوەیەكی نایاسایی دوو ورچیی دەستەمۆیان لەناوچەی چل چەمەی ئەو شارستانە راو كرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا و بە پشت بەستن بە سایتی "بارانی نیوز"، چەند رۆژ لەمەوبەر دوو ورچی "نێر و مێ‌" لەلایەن راوچییەكانی دانیشتووی ئاوایی "كیلە كبود"‌ی لە شوێنێک بەناوی "قرە ویس" کوژران.

ئەو دوو ورچە دەست پەروەردە و دەستەمۆ بوون و بەو وتەی دانیشتوانی ناوچەكە هیچ چەشنە مەترسییەكان بۆ سەر هاووڵاتییان و زەوییە كەشت و كاڵییەكانیان نەبووە.

رێكخراوی پاراستنی ژینگە ١٥ وەرچی دەستەمۆی لەناوچەی پارێزراوی چل چەمە راگرتووە و ئەو دوو ورچەی كە راوكراون، جووتێک لەو وەرچە دەستەمۆیانە بوون.

بەوتەی چالاكانی ژینگە پارێز، "راو كردنی ئەو دوو ورچە بە نیشانەی خەمساردی ناوەندە پێوەندیدارەكان بە ژینگەیە و زۆر جاریش ئەو ناوەندانە یارمەتیدەری راوچییەكان".

ئەو چالاكانە لەو باوەڕەدان، "پێویستە هاووڵاتیانی كورد لەهەمبەر كردەوەی لەو شێوەیەدا هەڵویستیان هەبێت و دەبێ‌فشار بخەنە سەر ناوەندە پێوەندیدارەكان کە نەتەنیا رێگری لە کوشتنی ئاژەڵان بکەن، بەڵکوو دەبێ ژینگەی ئاژەڵیش ببووژێننەوە".