ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لەهاووڵاتیانی شاری روانسەر بە هاوکاریی ئەنجومەنی "چرۆ" دەستیان بە چاندنی تۆوی "داربەڕوو، پستە و بادام" کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە رۆژانی رابردوودا نزیک بە ١٥٠٠ تۆوی دار بەڕوو، بادام و پستە لەبەرزاییەکانی چیای "یەڵەوەڕ"لەلایەن لاوانی شاری روانسەر و ئەنجومەنی "چرۆ"وە چێندراوە.

ئەنجومەنی چرۆ کە ئەنجومەنێکی ژینگە پارێزییە، لە چالاکییەکی دیکەدا زیاتر لە ٧٠٠ تۆوی بەڕوو، بادام و پستەیان لە چیای "قەڵا" کە لە سەروور سەراوی روانسەرەوە هەڵکەوتووە، چاندووە.
لەلایەکی دیکەوە لاوان و ئەندامانی ئەنجومەنی چرۆ رێکەوتی ٦ی بەفرانباریش زیاتر لە ٤٠٠ تۆوی بەڕوو، پستە و بادامیان لە پێدەشتەکانی روانسەر چاندووە.
ئەنجومەنی "چرۆ" کە هاووڵاتییان بە پشتیوانانی سەرەکیی سروشت و ژینگەی روانسەر دەناسن، ماوەی چەندین ساڵە دامەزراوە و بە بەردەوامی چالاکیی ژینگەپارێزیان بەڕێوە بردووە.
پێشتریش لەرێکەوتی ٥ی خەزەڵوەردا، ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی، شاعیران و هونەرمەندانی شاری جوانڕۆ لەژێر ناوی "پاراستنی ژینگە ئەرک و ئەخلاقە" چالاکییەکی "بەڕوو" چاندنیان لە سروشت و ژینگەی چیای ماپریسی هاڵانی و دەورووبەری بەڕێوە بردبوو.













