ئاژانسی کوردپا: لەشاری مەهاباد رێوڕەسمێک بەمەبەستی کرانەوەی "بنکەی فەرهەنگی، هونەری و ئەدەبی موکریانی مەهاباد" بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٠ی سەرماوەز، ٣٤مین کۆڕی حەفتانە و یەکەمین کۆڕ لە ژێر ناوی بنکەی فەرهەنگی و هونەری ئەدەبی موکریانی مەهاباد لەلایەن بەڕێوەبەرانی ئەم ناوەندەوە بەڕێوە چوو.

بەوتەی شەویار گولابی و هەرمان وەتمانی بەڕێوەبەرانی رێوڕەسمەکە، ئەو کۆڕە تەرخان کرابوو بە کرانەوەی "بنکەی فەرهەنگی، هونەری و ئەدەبی موکریانی مەهاباد".

لەو کۆڕەدا کە ئەدیبان و نووسەرانی کورد تێیدا بەشدار بوون، ئەحمەد بەحری سەرنووسەری گۆڤاری مەهاباد بۆ بەشدارن دواو لە بەشێکی وتەکانیدا ئاماژەی بە لێکتێگەیشتنی دوو بەرەی ئێستا و رابردوو کرد.

دواتر عەزیز وەلیانی ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری مەهاباد و دکتور خالەق جەلیل‌نیژادیش هەر کام لە سەر هەوڵ و تێکۆشانی بەرەی نوێ دوان و هەروەها باسیان لەزمانی نەتەوەیش کردووە.

لەبڕگەیەکی دیکەی رێوڕەسمەکەدا جەلال پوورحەسەن و غەفوور پیرزادە ئەندامانی دامەزرێنەری بنکەی فەرهەنگی، هونەری و ئەدەبی موکریانی مەهاباد چەند وتەیەکیان پێشکەش بە بەشداربوان کرد.

لەو رێوڕەسمەدا چەندین پارچە شێعر و پەخشانیش لەلایەن قاسم موئەییەدزادە، عەبدوڵڵا گولابی و شەویار گولابی خوێندراوەتەوە.

وێنە: فەیسبووکی هەرمان وەتمانی