ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری نەغەدە بە تاوانی ئەندامەتی و چالاکیی تەبلیغی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، حوکمی زیندانیی تەعزیری بۆ بڕایەوە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ کامیل مام شێخ تەمەن ٣٧ ساڵ و کوڕی محەممەد بە پێی ماددەی ٤٩٩ و ٥٠٠ لە یاسای سزادانی ئیسلامی، لەلایەن لقی ٢ی دادگای شاری نەغەدەوە بە دادوەریی رەسووڵ غوڵامی حوکمی ٢ ساڵ و ٨ مانگ زیندانیی تەعزیری بەسەردا سەپا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ کامیل مام شێخ کە دانیشتووی گوندی خەلیفانی سەربە شاری نەغەدەیە رێکەوتی ٢ی سەرماوەز حوکمەکەی پێ راگەیەندراوە و ناوبراو بە مەبەستی پێداچوونەوە بە حوکمەکەی، سکاڵای بۆ دادگای پێداچوونەوەی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا بەرز کردۆتەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەو هاووڵاتییە کوردە رێکەوتی ١٨ی بانەمەڕی ئەمساڵ بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری نەغەدە کراوە و پاش ٣ رۆژ بە دانانی بارمتەیەکی ٣٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کراوە.
دەگوترێت کە کامیل مام شێخ پێشتریش بە تاوانی لایەنگری لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان بۆ ماوەیەک دەستبەسەر و زیندانی کرابوو.






