ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی فەرهەنگیی کورد توانی خەتی "بریل"ی کوردی کە تایبەت بە "نابینا"یانە دروست بکات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، عەزیز خانە کە داهێنەری ئەو شێوە لە "ئەلف و بێ" کوردییە، ئامانج لەدروست کردنی خەتی "بریل"‌ی رێزگرتن لەکەسانی نابینا و کەم بینا راگەیاندووە.

عەزیز خانە ئەو شێوزاە لە خەتە دەکرێ‌لەزانکۆ و قوتابخانەکانیش کەڵکی لێ‌وەربگیردرێت

عەزیز خانە رایگەیاندووە، "ماوەی سێ ساڵە‌بە بەردەوامی کاری لەسەر ئەو شێوە خەتە کردووە و لەماوەیەدا ٧٣ کتێبی چیرۆکی لەزمانەکانی ئینگلیزی، فارسی و ئاڵمانییەوە وەگێڕاوەتە سەر خەتی "بریل"‌ی کوردی.

ئەو چالاکە فەرهەنگییە گوتووشیەتی، ئەو شێوزاە لە خەتە دەکرێ‌لەزانکۆ و قوتابخانەکانیش کەڵکی لێ‌وەربگیردرێت.

ماوەی ٩٠ ساڵ لەمەوبەر زانایەک بەناوی "کریستۆفێڵ" بەهاوکاری محەممەد عەلی خامووشی پیتی ئەلفوبێی فارسی "بریل"‌ی داهێنا.

چالاکی فەرهەنگیی شاری بۆکان ئەوەشی خستۆتەڕوو، لەوح، قەڵەم و کەرەسەی پرکینز بۆ نووسینی خەتی "بریل"‌ی کوردی بەکار دێت و وەکوو زمانەکانی دیکە لە راستەوە بۆ چەپ دەنووسرێت.

خەتی بریل لەساڵی ١٨٢١ی میلادی لەلایەن کەسێکی نابیناوە بەناوی لویی بریل لە دامەزراوەی شاهانەی فەرانسە دروست کرا و دوای سی ساڵیش بریتانیاییەکان ئەو خەتەیان دروست کرد و لەحاڵی حازردا ئەو چالاکە فەرهەنگییە کوردەش توانیویەتی خەتی بریلی کوردی دروست بکات.

عەزیز خانە لەدایک بووی بۆکان و خاوەنی بڕوانامەی بارهێنانی نابیستانە و لەساڵی ١٣٨٤وە لە بنکەی بارهێنانی میرزا رەشید شافعی لەشاری مەهاباد سەرقاڵی وانە وتنەوە بە قوتابیانی نابینا و نابیست بووە و سەرەتاکانی ئەمساڵیش چۆتەوە شاری بۆکان و لەوێ‌سەرقاڵی وانە وتنەوە بە قوتابیانی "بیر کوێر"ە.