ئاژانسی کوردپا: خالید حەردانی زیندانیی سیاسیی عەرەب بە تۆمەتی سووکایەتی کردن بە رێبەری نیزام، حوکمی ٢ ساڵ زیندانیی تەعزیریی بۆ بڕایەوە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ دوابەدوای ئەوە کە خالید حەردانی بەرەوڕووی پەروەندە سازیی هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی بوویەوە و بە پێی ئەو پەروەندەیە، بە " بێ حورمەتی و سووکایەتی کردن بە رێبەری نیزام" تۆمەتبار کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نێو زیندانی رەجایی شاری کەرەجەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ " خالید حەردانی لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی شاری کەرەجەوە بەو تۆمەتە بە دوو ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کراوە و ئەو حوکمەی پێ راگەیەندراوە".
ئەو زیندانییە سیاسییە رێکەوتی ٨ی رەزبەری ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بۆ ژووری تاکە کەسی راگوێزرا و هەتا ئێستا چەندین جار بە بیانووی جۆراوجۆرەوە پەروەندە سازیی بۆ کراوە.
خالید حەردانی کە ماوەی ١٣ ساڵە و بە بێ مەرەخەسی لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج راگیراوە، بە " رفاندنی فڕۆکەیەکی ئێرانی لە نێوان شارەکانی ئەهواز بۆ بەندەر عەبباس" تۆمەتبار کراوە.
خالید حەردانی لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە سێدارە مەحکووم کراو و دواتر ئەو حوکمە بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.





