حەفتەی چوارەمی مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی

ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەوتوویەی بەرموور دەپرژێتە سەر ٣ حاڵەت پێشلکردنی مافی ژنان لە کوردستان و ٢ حاڵەتی پێشلکردنی مافی ژنان لە شوێنەکانی دیکەی ئێران.

بەمەبەستی زیاتر زەق کردنەوە و تاوتوێ کردنی مەسەلە پەیوەندیدارکانی تایبەت بە ژنان، ئاژانسی کوردپا بەشێوی حەفتانە راپۆرتێک لەژێر ناوی "بەرموور" بڵاو دەکاتەوە.

ئامانجی سەرەکی لە بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە تایبەتییە، زەق کردنەوەی پێشلکارییەکانی دەرهەق بە ژنان و هەروەها گرینگی دان بە سەرجەم چالاکییەکانی ژنان کە لەلایەن ژنان و رێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە ژنانەوە ئەنجام ئەدرێت.

بەهۆی بەربڵاوی و گرینگیی ئەم بابەتە و هەروەها نەبوونی دەنگدانەوە لە ناو میدیاکاندا، "بەرموور" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش بدات.

راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور،٢ حاڵەتی پێشلکردنی مافی ژنان لە کوردستان کە بریتییە لە گواستنەوەی کەژاڵ هوژەبری بۆ ئیتلاعاتی سنە و خۆکوژیی ٢ ژنی کورد لە سەوڵاوا و مەهاباد و هەروەها ٢ حاڵەت پێشلکردنی مافی چالاکانی ژن کە بریتین لە ئازادی مەرجداری ناهید قەدیری و پێشگیری لە پێڕاگەیشتنی دەرمانی بە سدیقە مورادی لە شوێنەکانی دیکەی ئێراندا لە خۆ دەگرێت.

کوردستـــــــــــان

گواستنەوەی کەژاڵ هوژەبری بۆ ئیتلاعاتی سنە و ناڕوونی چارەنووسی ناوبراو

چارەنووسی کەژال هوژەبری هاوسەرەی چالاکی سیاسیی کورد عەلی دانش، دوای دەستبەسەرکران و گواستنەوە بۆ ئیتلاعاتی شاری سنە، ناڕوونە.

کەژاڵ هوژەبری لە مانگی رەشەممەی ساڵی ٩١ی هەتاویدا، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و وێڕای لێپرسینەوە، داوایان لێكردوە بە زووترین كات لە عەلی دانش جیا بێتەوە

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، کەژاڵ هوژەبری رۆژی پێنج‌شەممە ١٦ی خەزەڵوەر، لە ئیتلاعاتی مەریوانەوە گوازراوەتەوە و بۆ ئیتلاعاتی شاری سنە و هیچ هەواڵێک لەمەڕ چارەنووسی ناوبراو لە بەر دەست دا نییە.

ناوبراو رۆژی دووشەممە ١٣ی خەزەڵوەر، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە لە گوندی "بەردە رەشە" دەستبەسەر و رەوانەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان کرابوو.

کەژاڵ هوژەبری کە بەهۆی چالاکیی سیاسیی هاوسەرەکەیەوە دەستبەسەر کراوە، ٣ منداڵی بەناوەكانی محەممەد تەمەن ١١ ساڵ، مەتین تەمەن ٦ ساڵ و لاوێن تەمەن ٥ ساڵ‌هەیە و هەنووکە ئەو منداڵانە بێ سەرپەرست ماونەتەوە".

پێشتریش کەژاڵ هوژەبری لە مانگی رەشەممەی ساڵی ٩١ی هەتاویدا، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و وێڕای لێپرسینەوە، داوایان لێكردوە بە زووترین كات لە عەلی دانش جیا بێتەوە.

عەلی دانش تەمەن ٣٨ ساڵ، کوڕی ئەحمەد و خەڵکی گوندی "بەردە رەشی"ی شاری مەریوان لە کۆتاییەکانی مانگی رەشەممەی ساڵی ١٣٩٠ی هەتاویدا بە هۆی فشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بە ناچاری رووی لە دەرەوەی وڵات کرد.

خۆکوژیی دوو ژن لە سەوڵاوا و مەهاباد

بە خۆکوژی ژنێکی تەمەن ٢٧ ساڵ لە سەوڵاوا و هەروەها خۆکوژیی کچە خوێندکارێکی مەهابادی، رێژەی ئەو ژن و کچە کوردانەی کە لە سەرەتای وەرزی پاییزەوە دەستیان داوەتە خۆکوژی و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە گەیشتە ٧ حاڵەت.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی هەینی ١٧ی خەزەڵوەر، ژنێک بەناوی "فەرزانە ئیبراهیمی" تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی گوندی "ناو" لە ناوچەی هەورامانی تەختی سەربە شاری سەوڵاوا کە ئاگری لەجەستەی خۆی بەردابوو، پاش دوو رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا.

ئەو ژنە لاوە دایکی دوو منداڵ بووە و بە هۆی ئەوەی کە لەلایەن چەند کەسێکەوە (بوختان)ی بۆ هەڵبەسترابوو، ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.

لە لایەکی دیکەوە، رۆژی دووشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر کچە خوێندکارێکی خەڵکی مەهاباد بە ناوی "رۆژین" بە هۆکاریکی ناڕوونەوە دەستی دایە خۆ کوژی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ناوبڕاو لە رێگەی خۆ هەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابوو.

بە پێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی ٥٠ رۆژی رابردوودا (سەرەتای مانگی رەزبەر هەتا ٢٠ی خەزەڵەوەر)، ٧ ژن لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە کە ٤ کەسیان تەنیا بەهۆی خۆسووتاندنەوە گیانیان لەدەست داوە.

بوونی ئەم ئامارە لە حاڵێک دایە کە زۆربەی حاڵەتەکانی خۆکوژی بە تایبەت خۆکوژیی ژنان بە شاراوەیی دەمێننەوە، بۆیە ئەگەر لەو پەیوەندییەدا لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی لەمەڕ خۆکوژیی هاووڵاتییان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئیران ئەنجام بدرێت، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.

ئێــــــــــران

یەکێک لە چالاکانی ژنی بەهایی بە شێوەی مەرجدار ئازاد کرا

یەکێک لە هاووڵاتیانی بهایی مەحکووم بە زیندان کەلە زیندانی وەکیل‌ئابادی مەشهد راگیراوە، بە کەڵک وەرگرتن لە یاسای ئازادی مەرجدار لە زیندان ئازاد کرا.

ناهید قەدیری هاووڵاتیی بەهایی دانیشتووی مەشهەد لە ٣ ساڵ و ٩ مانگ و ١١ رۆژ لە ماوەی حوکمەکەی تێپەڕاندبوو، بە شێوەیەکی مەرجدار لە زیندان ئازاد کرا

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی شەممە ١٩ی خەزەڵوەر، ناهید قەدیری هاووڵاتیی بەهایی دانیشتووی مەشهەد لە ٣ ساڵ و ٩ مانگ و ١١ رۆژ لە ماوەی حوکمەکەی تێپەڕاندبوو، بە شێوەیەکی مەرجدار لە زیندان ئازاد کرا.

ناوبراو پێشتر لەلایەن یەکێک لە دادگای ئینقلابی مەشهەدەوە بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ناهید قەدیری لە حاڵێک دا بە شێوەی مەرجدار ئازاد کرا، کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو دا بە بیانووی ئەمنیەتی بوونی پەروەندەکانیان لەم مافی ئازادیی مەرجدار بێبەش کرابوون.

هەنووکە ٧ ژنە چالاکی بەهایی بە ناوەکانی، داوەر نەبیل‌زادە، جەلایر وەحدەت، نورا نەبیل‌زادە، سونیا ئەحمەدی، رۆزیتا واسقی، سیما ئەشراقی و ئەنیسا دێهقانی لە زیندانی وەکیل‌ئابادی مەشهد دەستبەسەر کراون و ماوەی حوکمەکەیان تێپەڕ دەکەن.

پێڕانەگیشتنی پزیشکی بە سدیقە مورادی

یەکێک لە بەساڵاچوانی بەندکراو لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین کە شەویلکە(فەک) و ددانەکانی تووشی ئازار بوون، بەرەوڕووی کەمتەرخەمی و پێڕانەگەیشتنی بەرپرسانی زیندان بووەتەوە.

سدیقە مورادی تەمەن ٥١ ساڵ کە بەیەکێک لە زیندانیانی بە ساڵاچووی زیندانی ئێڤین بەهۆی نەبوونی پزیشکی پسپۆرەوە تەندرووستی کەوتووەتە مەترسییەوە

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، سدیقە مورادی تەمەن ٥١ ساڵ کە بەیەکێک لە زیندانیانی بە ساڵاچووی زیندانی ئێڤین بە ئەژمار دەکرێت و شەویلکە و ددانەکانی تووشی کێشەی جیددی بوون، بەهۆی نەبوونی پزیشکی پسپۆرەوە تەندرووستی کەوتووەتە مەترسییەوە.

بنەماڵەی سدیقە چەندین جار لای پزیشکانی پسۆڕ نۆرەیان بۆ ناوبراو گرتووە، بەڵام بەپرسانی زیندان ئیزیان بە سدیقە نەداوە کە سەردانی پزیشک بکات.

سدیقە مورادی لە ١١ی بانەمەڕی ١٣٩٠ی هەتاوی لە شاری تاران دەستبەسەر و بۆ زیندانی ئێڤین راگوێزرابوو.

ناوبراو لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆرشی تارانەوە بە تاوانی "دژایەتی لە گڵ خودا" و " هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی ئۆپۆزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانئێران" بە ١٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری و دوورخرانەوە بۆ زیندانی گەوهەردەشت مەحکوم کرابوو کە دواتر ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوە دا پشتراست کرایەوە.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ٣ حاڵەت)
ماڵپەڕی هێرانا (٢حاڵەت )