ئاژانسی كوردپا: سێزیندانیی سیاسیی یارسانی خەڵكی ناوچەی میاندواو دوای دوورخستنەوەیان بۆ گرتووخانەكانی شاری یەزد و ئەردەكان، مانیان لەخواردن گرتووە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، سەهەند عەلی محەممەدی، عێبادوڵڵا قاسمزادە و بەخشعەلی محەممەدی سێزیندانیی پەیڕەوی ئاینیی یاری و خەڵكی "وشتەپە"ی میاندواو لەگرتووخانەی ناوەندی ورمێەوە بۆ گرتووخانەكانی یەزد و ئەردەكان دوور خراونەتەوە.
پێشتریش ماڵپەڕی "برای عدالت" بڵاوی كردبوویەوە، ئەو سێهاووڵاتییە یارسانییە رێكەوتی١٣ی خەزەڵوەر بۆ گرتووخانەی یەزد و ئەردەكان دوور خراونەتەوە.

سەهەند عەلی محەممەدی، عێبادوڵڵا قاسمزادە و بەخشعەلی محەممەدی لەلایەن دەزگا قەزاییەكانی حكوومەتی ئێران لەشاری ورمێ، سەرجەم بە ١٥ ساڵ زیندان، ٤٠٠ میلیۆن تمەن سزای نەختی و دوورخرانەوەیان بۆ گرتووخانەكانی ئوستانی یەزد حوكم دران.
ئەو سێهاووڵاتییە یارسانە ساڵی ١٣٨٣ لەگەڵ دوو كەسی دیكەی یارسان بەناوەكانی مەهدی قاسم زادە و یونس ئاقایان لەتێكهەڵچوونەكانی ئاوایی "وشتەپە" کە چند کوژرا و برینداری لێکەوتەوە، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە دەستبەسەر كران.
دواتر مەهدی قاسم زادە بە بڕیاری دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەسێدارە درا و یونێس ئاقایان لەلایەن دادگای دیوانی باڵای وڵاتەوە بە زیندانی هەتاهەتایی مەحكووم كرا.
بەوتەی چالاكانی مافی مرۆڤ، یارسانەكان كە لە چەندین شاری ئێران نیشتەجێن، بە بەردەوامی گوشاری حكوومەتی ئێرانیان لەسەر بووە و پێش بە دەربڕینی بیر و باوەڕیان گیراوە.
ماوەیەک لەمەوبەریش سەربازێكی یارسانی بەناوی "سابیر مافی" خەڵكی شاری قەزوین كەلە پادگانی ئاموزشی "٠٢"ی هێزی زەمینی ئەرتش سەرقاڵی تێپەڕكردنی دەورەی ئامووزیشییەكەی بووە، لەلایەن فەرماندە نیزامییەكانەوە بێرێزی پێكرابوو و سمێڵیان بە زۆرە ملێتاشیبوو.
چەند مانگ پێش ئێستاش سێ هاووڵاتیی یارسانی بەناوەكانی "حەسەن رەزەوی ، نیكمەرد تاهیری و محەممەد قەنبەری بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە سووكایەتی كردن بە "كیومەرس تەمەناك" هاووڵاتیی یارسان و دەستبەسەر لە زیندانی ناوەندی هەمەدان، ئاگریان لەجەستەی خۆیان بەردابوو و گیانیان لەدەست دا.





