ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی رەوتی گوشار بۆ سەر چالاکانی فەرهەنگی و سیاسیی کورد شارە کوردنشینەکانی ئێران، لە رۆژانی رابردوودا کۆمەڵێک لە چالاکانی فەرهەنگی و بنەماڵەی چالاکیی سیاسی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کراون.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە رۆژانی رابردوودا دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری "نوورئاباد"ی لوڕستان بەناوەکانی محەممەد سەتاری و کەریم سەتاری بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کراون و لێپرسینەوەیان لێکراوە.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، لە ماوەی ١ حەفتەی رابردوودا ٦٩ کەسی دیکە لە بنەماڵەی چالاکانی سیاسیی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات بانگهێشتی ئیتلاعاتی لوڕستان کراون و بەرەوڕووی لێکۆڵینەوەی مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات بوونەتەوە.

سەرچاوەکە گوتیشی، سەرجەم ئەو کەسانە پەروەندەیان بۆ دروست کراوە و ئەگەری ئەوە دەکرێ بەرەوڕووی دادگا ببنەوە.
لەلایەکی دیکەوە هەواڵدەریی هێرانا بڵاوی کردەوە، رۆژی رابردور رێکەوتی ١٩ی خەزەڵوەر، " کیومەرس ئەمیری کەلەجوویی" شاعیر و نووسەری کوردی خەڵکی کرماشان بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان کرا.
لە ماوەی رۆژانی رابردوودا رەوتی فشاری وەزارەتی ئیتلاعات بۆ سەر بنەماڵەی چالاکانی سیاسیی کورد رووی لەزیاد بوون کردووە و چەند رۆژ پێش ئێستا کەژاڵ هوژەبری هاوسەری یەکێک لە چالاکانی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری مەریوان و نیشتەجێی دەرەوەی وڵات، پاش دەستبەسەر کران، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە راگوێزرا.





