ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مافی مرۆڤی کوردی خەڵکی شاری سەقز، پاش چوار ساڵ راگیران لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە، لە زیندان ئازاد کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ "محێدین ئازادی" چالاکی سیاسیی کورد و ئەندامی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، پاش چوار ساڵ راگیران لە زیندانی ناوەندیی شاری سەقز، لە زیندان ئازاد کرا.

محێدین ئازادی چالاکی مافی مرۆڤ و ئەندامی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان

محێدین ئازاد رێکەوتی ١٦ی مانگی خاکەلێوەی ساڵی ٨٨ لە شاری سەقز دەستبەسەر کراو و لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە تۆمەتی "سیخوڕی و ناردنی بەڵگەی نهێنی بۆ وڵاتانی بێگانە" لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە حوکمی ٤ ساڵ زیندانیی تەعزیریی بۆ بڕایەوە.

ئەو ئەندامەی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان پاش ئەوە دەستبەسەر کرا، رەوانەی ئیتلاعاتی شرای سنە کرا و ماوەی سێ مانگ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە لەژێر ئەشکەنجە و لێپرسینەوەدا بوو.

هەروەها رۆژی شەممە رێکەوتی ١٨ی خەزەڵوەر سێ زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد بەناوەکانی " ئیسماعیل هەمزە‌پوور، محەممەد ئیزەد دووست و ئەنوەر ئیزەد دووست" بە شێوەی مەرجدار لە زیندان ئازاد کران.

دەگوترێ کە ئیسماعیل هەمزەپوور کە بە ٤ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو، پاش ٢ ساڵ راگیران لە زیندان و هەروەها "محەممەد و ئەنوەر ئیزەد دووست کە هەر کام بە ٢ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوون، پاش١٤ مانگ راگیران لە زیندان، بەشێوەی مەرجدار لە زیندان ئازاد کران.