حەفتەی سێهەمی مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی
ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور دەپرژێتە سەر ٢ حاڵەت پێشلکردنی مافی ژنان لە کوردستان و ٢حاڵەتی پێشلکردنی مافی ژنان لە شوێنەکانی دیکەی ئێران .
بەمەبەستی زیاتر زەق کردنەوە و تاوتوێ کردنی مەسەلە پەیوەندیدارکانی تایبەت بە ژنان، ئاژانسی کوردپا بەشێوی حەفتانە راپۆرتێک لەژێر ناوی "بەرموور" بڵاو دەکاتەوە.
ئامانجی سەرەکی لە بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە تایبەتییە، زەق کردنەوەی پێشلکارییەکانی دەرهەق بە ژنان و هەروەها گرینگی دان بە سەرجەم چالاکییەکانی ژنان کە لەلایەن ژنان و رێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە ژنانەوە ئەنجام ئەدرێت.
بەهۆی بەربڵاوی و گرینگیی ئەم بابەتە و هەروەها نەبوونی دەنگدانەوە لە ناو میدیاکاندا، "بەرموور" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش بدات.
راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور،٢ حاڵەتی پێشلکردنی مافی ژنان لە کوردستان کە دەستبەسەر کرانی هاوسەری یەکێک لە چالاکانی سیاسیی کورد و بێبەش کردنی زەینەب جەلالیان لە مەرەخەسیی دەرمانی و هەروەها ٢ حاڵەت پێشلکردنی مافی چالاکانی ژن کە بریتین لە جێبەجێ کردنی حوکمی زیندانی تەعزیریی چالاکێکی بەهایی و دژایەتی لەگەڵ ئازادی مەرجداری فەرزانە پەرویزی لە شوێنەکانی دیکەی ئێراندا لە خۆ دەگرێت.
کوردستـــــــــــان
دەستبەسەر کرانی کەژاڵ هوژەبری لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی شاری مەریوانەوە

لە ماوەی رۆژانی رابردوو دا،کەژاڵ هوژبەری هاوسەری چالاکی سیاسیی کورد عەلی دانش، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری مەریوانەوە دەستبەسەر کرا.
بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە رۆژی دووشممە ١٣ی خەزەڵوەر، هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی عەلی دانش و کەژاڵ هوژەبری هاوسەری ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.
کەژاڵ هوژەبری پاش دەستبەسەر کران لە گوندی " بەردە رەشە" گوازراوەتەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان.
کەژاڵ هوژەبری کە بەهۆی چالاکیی سیاسیی هاوسەرەکەیەوە دەستبەسەر کراوە، ٣ منداڵی بەناوەكانی محەممەد تەمەن ١١ ساڵ ، مەتین تەمەن ٦ساڵ و لاوێن تەمەن ٥ ساڵهەیە و هەنووکە ئەو منداڵانە بێ سەرپەرست ماونەتەوە".
پێشتریش کەژاڵ هوژەبری لە مانگی رەشەممەی ساڵی ٩١ی هەتاویدا، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و وێڕای لێپرسینەوە، داوایان لێكردوە بە زووترین كات لە عەلی دانش جیا بێتەوە.
عەلی دانش تەمەن ٣٨ ساڵ، کوڕی ئەحمەد و خەڵکی گوندی "بەردە رەشی"ی شاری مەریوان لە کۆتاییەکانی مانگی رەشەممەی ساڵی ١٣٩٠ی هەتاویدا بە هۆی فشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بە ناچاری رووی لە دەرەوەی وڵات کرد.
پێشگیری ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە دانی مرەخەسی دەرمانی بە زەینەب جەلالیان

ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە دانی مرەخەسیی دەرمانی بە زیندانی سیاسیی کورد زەینەب جەلالیان، کە لە زیندانی "دیزڵئاباد"ی کرماشان دەستبەسەر کراوە خۆ دەبوێرن.
بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، بەرپرسانی زیندانی دیزلئابادی کرماشان لە دانی مەرەخەسیی دەرمانی بە زەینەب جەلالیان زیندانیی سیاسیی کورد کە تووشی نەخۆشیی چاو بووە و ئەگەری لەدەست دانی بینایی چاوەکانی لە ئارادایە، خۆیان بواردووە.
ئەمە لە حاڵێک دایە کە بەرپرسانی زیندان بەڵێنییان بەم زیندانییە سیاسییە دابوو کە بە مەبەستی چارەسەریی نەخۆشییەکەی مەرەخەسیی دەرمانی پێ بدەن.
زەینەب جەلالیان زیندانیی سیاسیی کورد، لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٨ بە تاوانی دژایەتی لەگەڵ خودا و هاوکاری یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئوپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران دەستبە سەر و بە ئێعدام مەحکووم کرا.
ئەم حوکمە لە "دیوانی بەرزی وڵات" دا بۆ زیندانی هەتاهەتایی کەم کرایەوە.
ئێــــــــــران
ئەنیسا دێهقانی بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەی، خۆی بە زیندان ناساند

ئەنیسا دێهقانی، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی خۆی بە زیندانی "وەکیلئاباد"ی مەشهەد ناساند.
بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی شەممە ١١ی خەزەڵوەر، ئەنیسا دێهقانی هاووڵاتی بەهایی دانیشتووی ئیسفەهان بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەەی خۆی بە بەشی ئیجرای ئەحکامی زیندانی وەکیلئابادی مەشهەد ناساند.
ناوبراو بە پێی بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی خۆراسانی رەزەوی بە ٦ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.
ئەم هاووڵاتییە بەهاییە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی لە مەشهەد دەستبەسەر و پاش ماوەیەک بە دانی بارمەتە ئازاد کرابوو.
ئەنیسا دێهقانی، بە تاوانی " پروپاگەندە دژی نیزام" و " ئەندامەتی لە رێکخستنی بەهاییەکان دا" لە لایەن دادگای شۆرشی مەشهەدەوە بە ١٨ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.
دواتر ئەم حوکمە لە لایەن دادگای پێداچوونەوەی ئوستانی خوراسانەوە کەم کرایەوە بۆ ٦ مانگ زیندانی تەعزیری.
پێش بە ئازادیی مەرجداری فەرزانە پەرویزی گیردرا

بەرپرسانی زیندانی قەرچەکی وەرامین پێشیان بە ئازادیی مەرجداری زیندانیی سیاسی فەرزانە پەرویزی گرت.
بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، لە ماوەی رۆژانی رابردوودا بەرپرسانی زیندانی قەرچەکی وەرامین لە گەڵ ئازادکردنی مەرجداری یەکێک لە زیندانیانی سیاسیی ئەو زیندانە بە ناوی فەرزانە پەرویزی دژایەتییان کرد و ئیزنی ئەو کارەیان نەدا.
فەرزانە پەرویزی لە بەفرانباری ساڵی ١٣٨٨ هەتاوی دەستبەسەر و لە لایەن دادگای شۆڕشی تارانەوە بە تاوانی " هەوڵدان دژی تەناهیی وڵات و بێرێزی کردن بە پیرۆزییەکان" بە ١٨ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.
ناوبراو زستانی ساڵی رابردوو بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی، خۆی بە ب زیندانی قەرچەکی وەرامین ناساندبوو.
ئەم زیندانییە سیاسییە تووشی نەخۆشیی دڵ بووە و دەبێ لە ژێر چاودێری پزیشکیدا بێت.
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ١ حاڵەت)
ماڵپەڕی هێرانا (٣حاڵەت )





