حەفتەی دووهەمی مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی

ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەوتوویەی بەرموور دەپرژێتە سەر ٥ حاڵەت پێشلکردنی مافی ژنان لە کوردستان و ٣ حاڵەتی پێشلکردنی مافی ژنان لە شوێنەکانی دیکەی ئێران.

بەمەبەستی زیاتر زەق کردنەوە و تاوتوێ کردنی مەسەلە پەیوەندیدارکانی تایبەت بە ژنان، ئاژانسی کوردپا بەشێوی حەفتانە راپۆرتێک لەژێر ناوی "بەرموور" بڵاو دەکاتەوە.

ئامانجی سەرەکی لە بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە تایبەتییە، زەق کردنەوەی پێشلکارییەکانی دەرهەق بە ژنان و هەروەها گرینگی دان بە سەرجەم چالاکییەکانی ژنان کە لەلایەن ژنان و رێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە ژنانەوە ئەنجام ئەدرێت.

بەهۆی بەربڵاوی و گرینگیی ئەم بابەتە و هەروەها نەبوونی دەنگدانەوە لە ناو میدیاکاندا، "بەرموور" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش بدات.

راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور،٥ حاڵەتی پێشلکردنی مافی ژنان لە کوردستان کە بریتییە لەدۆخی تەندروستیی دوو ژنە چالاکی کورد لە زیندان، لەسێدارە دانی سێ ژن لە ورمێ و هەروەها ٣ حاڵەت پێشلکردنی مافی چالاکانی ژن کە بریتین لە بڕینەوەی حوکم بۆ دوو چالاکی ژن و لە سێدارەدانی ژنێک لە شوێنەکانی دیکەی ئێراندا لە خۆ دەگرێت.

کوردستـــــــــــان

گواستنەوەی مریەم موقەدەسی بۆ نەخۆشخانە و ناڕوونیی چارەنووسی بەیان کاکاخانی

لە ماوەی رۆژانی رابردوودا مریەم موقەدەسی زیندانیی سیاسیی کورد بە هۆی هەڵدانەوەی نەخۆشییەکەیەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراو پاش زیاتر لە ٨ مانگ لە دەست بە سەرکران، هێشتا چارە نووسی بەیان کاکاخانی ناڕوونە.

مریەم موقەدەسی زیندانیی سیاسیی کورد بە هۆی هەڵدانەوەی نەخۆشییەکەیەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراو

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، چالاکێکی سیاسیی کورد بە ناوی "مریەم موقەدەسی" بە هۆی هەڵدانەوەی نەخۆشییەکەی و کەمتەرخەمی بەرپرسانی زیندانی ئێڤین، تووشی نەخۆشی بووەتەوە و رەوانەی یەکێک لەناوەندە دەرمانییەکانی تاران کراوە.

مریەم موقەدەسی لەنێو زینداندا تووشی نەخۆشیی گورچیلە بووە
ناوبراو لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا چەندین جار بە هۆی "دۆخی نالەباری زیندان" و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی زیندان" بە نسیبەت نەخۆشییەکەیەوە، مانی لەخواردن گرتبوو.

مریەم موقەدەسی مانگی بانەمەڕی ١٣٨٩ی هەتاوی بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر و دواتر حوکمی ٩ ساڵ زیندان بۆ بڕایەوە.

لە لایەکی دیکەوە، لە چارەنووسی "بەیان کاکاخانی" و هاوسەرەکەی "هیوادار ئافەرین" کە ١٧ی رەشەممەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی لەلایەن ‌یزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون، هیچ هەواڵێک لە بەردەست دا نییە.

هەتا ئێستاش شوێنی راگیران و تاوانی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە نادیار ماوەتەوە.

٣ ژن لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە دران

لە ماوەی حەفتەی رابردوودا حوکمی ئێعدامی ٣ ژن لە زیندانی ناوەندیی ورمێ چووە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، سەرلەبەیانی رۆژی شەممە ژنێک بەناوی "حازێ دەروێش‌زادە" ی خەڵکی گوندی "کەڵانکانی"ی سەربە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ بە تاوانی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان لەزیندانی ناوەندیی ئەو شارە حوکمی سێدارەکەی بەڕێوە چوو.

ئەم ژنە خەڵکی ئاوایی "کڵانکانی"ی ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ بووە.

لە لایەکی دیکەوە و سەر لەبەیانی رۆژی چوارشممە ٨ی خەزەڵوەر، ١١ کەس لە زیندانی ناوەندیی ورمێ کە دوو کەسیان ژن بوون، لە سێدارە دران.

هەتا ئێستا شووناسی ئەو دوو ژنە بۆ سەرچاوە هەواڵدەرییەکان بە ناڕوونی ماوەتەوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای وەرزی پاییزی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٧ ژن لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە دراون.

ئێــــــــــران

دەرکردنی حوکمی ١٨ مانگ زیندانیی تەعزیری بۆ پگاه ئاهەنگەرانی و جەریمەی ٣ میلیۆن تمەنیی موحتەرەم رەحمانی

لە ماوەی رۆژانی رابردوودا حوکمی ١٨ مانگ زیندانیی تەعزیری بۆ پگاه ئاهنگەرانی، یەکێک لە ئەکتەرەکانی سینەمای ئێران کە لە ئاڵۆزییەکانی دوای هەڵبژاردنەکانی ئیران دەستبەسەر کرابوو، بڕایەوە و هەروەها موحتەرەم رەحمانی ٣ میلیون تمەن جەریمەی بۆ بڕایەوە.

پگاه ئاهەنگەرانی یەکێکلە ئەکتەرە بەناوبانگەکانی سینەمای ئێران، لە دادگای سەرەتاییدا و لەلایەن دادوەر مۆقەیسەوە بە ١٨ مانگ زیندانی تەعزیری بۆ بڕایەوە.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو کراونەتەوە، پگاه ئاهەنگەرانی یەکێکلە ئەکتەرە بەناوبانگەکانی سینەمای ئێران، لە دادگای سەرەتاییدا و لەلایەن دادوەر مۆقەیسەوە بە ١٨ مانگ زیندانی تەعزیری بۆ بڕایەوە.

ئەم ئەکتەرەی سینەماکانی ئێران، دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی بۆ ماوەی چەند رۆژ دەستبەسەر و لەو کاتەوە لە لایەن دادسەرای ئەمنییەتی تارانەوە پێش بە چوونی ناوبراو بۆ دەرەوەی وڵات گیراوە.

لە لایەکی دیکەوە، حوکمی سەرتایی دادگای شۆڕشی قەزوین بۆ موحتەرەم رەحمانی، چالاکی فەرهەنگیی ئەو شارە، لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ٣ میلیۆن تمەن جەریمە کەم کرایەوە.

دادگای شۆڕشی قەزوین بۆ موحتەرەم رەحمانی، چالاکی فەرهەنگیی ئەو شارە، لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ٣ میلیۆن تمەن جەریمە کەم کرایەوە.

ناوبراو لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆیدا بڵاوی کردۆتەوە؛ "بەرپرسانی قەزایی لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا حوکمی ناوبراویان ٣٠٠ هەزار تمەن جەریمە راگەیاندووە، بەڵام لە حوکمی دادگادا هاتووە کە ٣ میلیۆن تمەن جەریمە کراوە".

ئەو چالاکە فەرهەنگییە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی هاوڕێ لەگەڵ هاوسەرەکەی بە تاوانی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی تاوتوێ کردنی مێژووی ئێران، لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی قەزوینەوە دەستبەسەر کرابوون.

ئەم چالاکە فەرهەنگییە، بە دانانی بارمتەی ٢٠ میلیۆن تمەنی لە زیندان ئازاد کرا.

ژنێکی دیکە لە زیندانی گەوهەر دەشتی کەرەج لە سێدارە درا

بە لەسێدراە درانی ژنێکی دیکە لە زیندانی گەوهەردەشتی کەرەج، ئاماری ئەو ژنانەی کە لە سەرەتای وەرزی پاییزەوە لە زیندانەکانی ئێراندا لە سێدارە دراون، گەیشتە ١٣ کەس.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆی سێشەممە ٧ی خەزەڵوەر، ژنێک بە ناوی "میترا شەهنەوازی" لە زیندانی گەوهەردەشتی کەرەج لە سێدراە درا.
میترا شەهنەوازی، بە تاوانی کوشتنی پۆلیسێک کە ویستبووی دەستدرێژی بکاتە سەرناوبراو، بۆ ماوەی ١١ ساڵ لە زیندانی گەوهەر دەشت راگیرابوو.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ناوبراو لە کاتی لە سێدارە دان دا لە باری جەستەییەوە باش نەبووە.

بە پیێ ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای وەرزی پایزی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١٣ ژن لە زیندانەکانی ئێران لە سێدارە دراون کەحوکمی ٧ کەسیان لە زیندانی ناوەندیی ورمێ و کەسێکیشان لە زیندانی دێزڵ‌ئابادی کرماشان بەڕێوە چووە.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ٣ حاڵەت)
ماڵپەڕی هێرانا ( ٢حاڵەت )
ماڵپەڕی ئیسنا ( ١ حاڵەت)
ماڵپەڕی موکریان ( ٢ حاڵەت )