ئاژانسی کوردپا: فەرماندەی قەرارگای کازمیی حکوومەتی ئێرانو هێزەکانی پاراستنی سنووری هەرێمی کوردستان ( حەرەس حدوود)، چاوپێکەوتن و دانیشتنیان کردووە.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و به پشت بەستن بە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو، رۆژانی دووشەممە و سێشەممە رێکەوتی ٢٩ و ٣٠ی رەزبەر، "عەوەز شەهابیفەر" سەرتیپ٢ و فەرماندەی گشتیی قەرارگای کازمی (سپای پاسداران) و هێزەکانی پاراستنی هەرێمی کوردستان لە سنووری شۆشمێلەنێوان شارستانی پاوە و قەزای هەڵەبجە لەپێوەندیی بەرتەسک کردنەوە و گوشاری زیاتر بۆ سەر کاری کۆڵبەری، کۆبوونەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بەئاژانسی کوردپای راگەیاند، تەوەری سەرەکیی ئەو کۆبوونەوە دوو رۆژییە، پێشگرتن لەکاری کۆڵبەرانی کوردستانی ئێران بووە و قەرارگای کازمی داوای لەهێزەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، کە ئیزنی کاری کۆڵبەری بە کۆڵبەرانی ناوچەکانی شۆشمێ، نەوسوود و پاوە نەدەن.
سەرچاوەکە ئەوەشی خستەروو، لەو دانیشتنەدا پرسی کردنەوەی سنووری فەرمیی لەو ناوچانە تاوتوێکراوە و بڕیارە هاووڵاتیان بە پاسپۆرت هاتوچۆ بکەن و هەروەها کارتی پیلەوەریش بە خوازیارانی کار بدرێت.
سەرچاوە باوەڕ پێکراوەکە کە نەیهەویست ناوی ئاشکرا بکرێباسی لەوەش کرد، "فەرماندەی قەرارگای کازمی، سپاس و دەستخۆشی لەپێوەندیی ئەمنیەتیی کردنی زیاتری سنوورەکان و رێگا نەدان بەکاری کۆڵبەری، لەهێزەکانی پاراستنی سنووری هەرێمی کوردستان کردووە".
بۆ ئەو مەبەستە و دانی کارتی پیلەوەری، ئاژانسی کوردپا پێوەندیی بە کۆڵبەرێکەوە کرد و ئەویش بەم چەشنە بۆ کوردپا دوا: " هەنووکە لە دەروازە سنوورییەکانی دیکەی نێوان هەرێم و ئێران کارتی پیلەوەری بە هاووڵاتیان دراوە، بەڵام بەو کارتە تەنیا دەتوانرێ لە حەفتەدا دوو جار هاتووچۆی سەر سنوور بکرێت و زۆر جاریش بە بیانووی جۆراوجۆر بۆ ماوەی یەک مانگ نەیانهێشتووە پیلەوەران نزیکی سنوور ببنەوە".

ئەو کۆڵبەرە کوردەی ناوچەی شۆشمێوتیشی: "ماوەیەک لەمەوبەر هێزەکانی پاراستنی سنووری هەرێمی کوردستان (حەرەس حدوود) بۆ ماوەی پێنج مانگ هاتووچۆییان بۆ خاکی هەرێم قەدەغە کرد و لەوپێوەندییەدا هوشداریی توندیشیان بە کۆڵبەرانی کوردستانی ئێران دابوو و بەوتەی ئەو کۆڵبەرە، ئەمنیەتیی کردنی سنوورەکان ببووە هۆی خۆشحاڵی قەرارگای کازمی".
قەرارگای کازمی دوای شەڕی نێوان حکوومەتی ئێران و عێراق دامەزراوە و بە وتەی هاووڵاتیان ئەرکی پاراستنی سنوورەکانی ئوستانی کرماشانی لەگەڵ عێراق لە ئەستۆیە و لقێکیشی بەناوی "ئیتلاعاتی بروون مەرزی" هەیە کە لە هەرێمی کوردستاندا چالاکە.
قەرارگای کازمی لەپێنج کیلۆمێتری شاری روانسەر و لەشوێنێک بەناوی "تەپە کوئیک" هەڵکەوتووە.





